وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک بەهایی رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە پەیڕەوانی ئایینیی بەهایی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوانی تۆمەتبار کردووە بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ "ناوەندی زایۆنی" ناسراو بە "بەیتولعەدل"ەوە هەبووە، گوایە لە ئیسرائیلە.
 
چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ شەوی رابردوو ئاشکرایانکرد، ژمارەیەک لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران دەستبەسەر کراون و ماڵی کۆمەڵێک بەهایی دیکەش پشکنراوە.
 
بەهاییەکان لە ئێراندا کەمینەیەکی ئایینین، بەڵام ئێران بە فەرمی نایانناسێت.
 
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون پڕوپاگەندەیان بۆ ئایینی بەهایی کردووە و راهێنانیان بە خەڵک، بەتایبەت منداڵان، کردووە و "بە شێوەی رێکخراو برەویان بە پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی" داوە.
 
بەپێی راپۆرتی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، لانیکەم شەش کەس دەستگیرکراون و ماڵی زیاتر لە 20 پەیڕەوی ئایینیی بەهایی لە شارەکانی تاران، کەرەج، ساری، مەشهەد، شیراز و گورگان پشکنراون. سێ کەس لە دەستگیرکراوەکان لە رێبەرانی ئایینیی بەهایی بوون.
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان و چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چوار دەیەی رابردوودا ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی دژی بەهاییەکان هەڵاواردن دەکات و لە مافەکانیان بێبەشیان دەکات.
 
ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی، تەنیا لەبەر ئەوەی پەیڕەوی ئایینی بەهایین دادگایی بکرێن یان لە خوێندن بێبەش بکرێن.
 
کۆمەڵگەی بەهاییەکان پێشتر نیگەرانیی خۆیان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان لەلایەن ئێرانەوە دەربڕیبوو. ئەوان ئێران تۆمەتبار دەکەن، دەستبەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگرێت و بە ناوەندی "جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئیمام خومەینی دەدرێت."