فەرماندەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و عێراق لە قەسری شیرین کۆبوونەوە

01-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاریی هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی ئیمام حوسێن و پاراستنی ئاسایشیان لە سنوورەکان تاوتوێ کرا.
 
رۆژی یەکشەممە 30-06-2024 فەریقی مافپەروەر محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەحمەدعەلی گودەرزی، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە.
 
بەپێی میدیای ئێرانی، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی ئیمام حوسێن بۆ کەربەلای عێراق و پاراستنی ئاسایشیان لە سنووری نێوان دوو وڵاتەکە بووە.
 
بەهۆی بوونی دەروازەی سنووریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ، سنە و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و خوزستانی باشووری ئێرانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
 
ساڵانە نزیکەى 20 ملیۆن شیعە لە رێوڕەسمی چلەى ئیمام حوسێندا بەشدار دەبن و سەردانی شاری کەربەلای عێراق دەکەن کە زیاتر لە چوار ملیۆنیان ئێرانین.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا زیارەتکارانی ئێرانی، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراوی باشماخ و حاجی ئۆمەرانیشیان بۆ چوونە نێو عێراق و بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بەکارهێناوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی رێگەکە بە ''سەلامەتتر و نزیکتر'' دەزانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە