رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی فەرمیی نوێ، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە وەرگرتنی باجدا نادادپەروەریی زۆر هەیە. رێکخراوی کاروباری باج بڵاوی کردووەتەوە، نیوەی دووکانداران باج نادەن، زێڕنگەران باجێکی زۆر زۆر کەم دەدەن، کەچی فەرمانبەران پێش وەرگرتنی مووچە، باجیان لێ وەردەگیرێت.
رێکخراوی کاروباری باج بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 51٪ـی دووکاندار و یەکە پیشەییەکان باج نادەن، واتە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار دووکاندار، بە واتایەکی دیکە 80٪ـی یەکە پیشەییەکان کەمتر لە 10 ملیۆن تمەن باج دەدەن.
کەچی فەرمانبەرانی حکومەت، پێش ئەوەی مووچەکانیان وەربگرن، هەموو مانگێک باجەکانیان لێ وەردەگیرێت، لەکاتێکدا داهاتی یەکە پیشەییەکان زۆر زیاترە لە داهاتی فەرمانبەران.
موحسین دێهنەوی، پەرلەمانتار دەڵێ "ئێمە باجی فەرمانبەر لە مووچەکەی هەڵدەگرین، باج لە کارگە و دووکانە بچووکەکان وەردەگرین، بەڵام زۆر کەس، بەتایبەت دەڵاڵەکان و ناوەندە گەورەکان، خۆیان لە باجدان دەدزنەوە".
بەپێی راپۆرتی کاروباری باج، یەکە پیشەییەکان پێنج یەکی باجەکانیان دەدەن. هەروەها پزیشکەکان لە ساڵێکدا 35 ملیۆن تمەن(700 دۆلار)، پێشەنگاکانی ئۆتۆمبیل 16 ملیۆن تمەن (300 دۆلار)، نووسینگەکانی خانووبەرە 10 ملیۆن تمەن (200 دۆلار) خاوەن رێستۆرانت و زێڕنگەرکان ساڵانە 9 ملیۆن تمەن باج دەدەن، بەشەکانی دیکەش لە یەک ملیۆن تاوەکو 8 ملیۆن تمەن.
بەپێی ئەو راپۆرتی رێکخراوی کاروباری باج بڵاوی کردووەتەوە، 34٪ـی زێڕینگەرەکان، وەک یەکەیەکی گرنگیی پیشەیی، باج نادەن و ئەوانەش کە باج دەدەن، تەنیا 4٪ـیان زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن، واتە هەزار دۆلار، باج دەدەن.
مەهدی مەوحدی، گوتەبێژی رێکخراوی باجی ئێران، دەڵێ رێکخراوەکەی لە هەوڵدایە رێگاکانی گەندەڵی دابخات و ئەوانەی داهاتیان زۆرە و باج نادەن، دەستنیشان بکات.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 100 تریلیۆن تمەن (دوو ملیار دۆلار) خۆدزینەوە لە باج هەیە. کەچی پڕۆژەیاسای بودجەی ئێران پێشبینی کردووە لەڕێی باجەوە، 700 تریلیۆن تمەن (14 ملیار دۆلار) داهاتی هەبێت، بەڵام کورتهێنانی باج لە بودجەدا ناهاوسەنگی دروست دەکات و لە دابینکردنی خەرجییەکاندا کێشە بۆ حکومەت دروستدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ