محەممەدی حاجی مەحموود و ئیسماعیل قائانی کۆبوونەوە
رووداو- هەولێر
نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران دەڵێت، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری ئەو پارتە لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کۆبووەتەوە و باسی چەند پرسێکیان کردووە.
رۆژی هەینی 1-7-2022، مەلا لوقمان پێنجوێنی، نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەدی حاجی مەحموود چەند رۆژێکە سەردانی ئێرانی کردووە و لێرەیە؛ ئەو جگە لەوەی دەبێت بۆ سەردانی پزیشک هەر شەش مانگ جارێک سەردان بکات و ژمارەیەک پزیشکی تایبەتی خۆی ببینێت، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەشی دەبێت."
مەلا لوقمان گوتیشی: "رۆژی چوارشەممە 29-6-2022 لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتییدا لە تاران کاک محەممەد بەشداری کرد و لەوێ لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە، لەنێویاندا دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەبوو؛ بڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا کاک محەممەد جارێکی دیکە لەگەڵ قائانی کۆببێتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش کۆبوونەوەی دەبێت."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ئێران گوتی: "باسی چەندین تەوەریان کردووە، لەوانە دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەت و دۆخی هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی کاک محەممەدیان کرد لە بەرامبەر ئەوەی رۆڵی باشی هەبووە بەتایبەت لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و لەنێویاندا لایەنە کوردستانییەکان لە یەکدی."
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئەمساڵ چەندجارێک سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ لایەنەکان کۆبووەتەوە بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام هەوڵەکانی بە ئەنجام نەگەیشتن و دواجار رۆژی 15-6-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی راگەیاند، دوای ئەوەی ئامادەنەبوو بەشێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشدار بێت لەو حکومەتە زۆرینە نیشتیمانییەی باسی پێکهێنانی دەکرد.