زۆربەی کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بیمە بێبەشن
رووداو دیجیتاڵ
بەشی زۆری کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەرتەکانی بیناسازی و کشتوکاڵدا کار دەکەن. بە رۆژانە کار دەکەن و خاوەن کاری جێگیریان نییە، بۆیە بەشی هەرە زۆریان لە سەرەکیترین مافی کرێکاران کە بیمەیە، بێبەشن.
بەپێی یاسا، کرێکاران دەبێت بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و هەروەها بیمەی روودانی رووداویان هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کرێکارانی رۆژانە دەبێ بۆخۆیان تێچووی هەردوو بیمەکە بدەن، بەشی زۆریان تەنیا بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە کە بۆ کاروباری پزیشکی و هەروەها خانەنشینییان بە کەڵک دێت.
ئەوانەی بیمەی رووداویان نەبێت، ئەگەر تووشی رووداوێک بن، قەرەبوو ناکرێنەوە. ساڵی رابردوو دوو هەزار و 115 کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی کار گیانیان لەدەستداوە.
بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران، ئەم ساڵ مووچەی رۆژانەی کرێکاران 240 هەزار تمەنە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی جۆر و ماوەی کارەکە، رۆژانە لەنێوان 500 بۆ 700 هەزار تمەن دەدرێتە کرێکاران.
ئەنجوومەنەکانی کرێکاران دەڵێن، هەر خێزانێک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، مانگانە پێویستی بە سەرووی 20 ملیۆن تمەن هەیە. ئەگەر کرێکارێک هەر 30 رۆژی مانگ کار بکات، هێشتا داهاتی ناگاتە ئەو بڕە پارەیە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کارکردنی 14 ملیۆن کەس وەکو کرێکار تۆمار کراوە. ئەگەر هەر کرێکارەی بەخێوکردنی سێ کەسی لە ئەستۆ بێت، ژیانی 50٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە کار و داهاتی ئەوان بەستراوەتەوە.
هاوکات ئەم ساڵ لە کرماشان، سنە، کامێران و چەندین شاری دیکەی ئێرانە لە رۆژی کرێکاراندا گردبوونەوەی کرێکاران بەڕێوەچوو. ئەم ساڵ کرێکارانیش وەکو چینی فەرمانبەران و خانەنشیان تەنیا 20٪ بۆ مووچەکانیان زیادکرا. هەر ناڕەزایەتییەکیشیان، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، کاردانەوەی تووندی لێدەکەوێتەوە.
عەلی نەجاتی، ئەندامی سەندیکای کرێکارانی ئێران دەڵێت، "لە کۆمەڵگەی ئێراندا، دەبینین کە کچان، کوڕان، ژنان و پیاوان، کرێکاران، خانەنشینان و چینی هەژار، بەردەوام غەدریان لێدەکرێت. کاتێکیش بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن، لایەنگرانی دەسەڵات، لە کارەکانیان دووریان دەخەنەوە و بەندیان دەکەن. کرێکاران و مووچەخۆرانی کارکەر و خانەنشین، کاتێک بەرانبەر بە هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و هەڵاواردن، نەبوونی خانوو، دەرمان، ئاسایشی خۆراک و حەقدەستی پێویست بۆ ژیانێکی شیاو، ناڕەزایی دەردەبڕن، بە تووندوتیژی رووبەڕوویان دەبنەوە. ئەوەش باس لەوە دەکات ئەم چینەی زۆربەی کۆمەڵگەی ئێران پێکدێنن، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن."