لە ئێران گۆرانیبێژێک بە بەندکردن و 'گۆرانیگوتن لە دژی ئەمریکا' سزادرا

رووداو دیجیتاڵ 

گۆرانیبێژێکی ئێرانی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ـی ئەو وڵاتە بە گۆرانی پاڵپشتی خۆپێشاندانەکانی کرد، دواتر دەستگیرکرا و سێ ساڵ و هەشت مانگ سزادرا، ئەو گۆرانیبێژە لەگەڵ سزای بەندکردنەکەی دوو ساڵ گەشتکردنی دەرەوەی لێ قەدەخەکراوە و دەبێت گۆرانییەکیش "دژی ئەمریکا" بڵێت.
 
شروین حاجی پوور، ئەو گۆرانیبێژەیە، بەهۆی گۆرانیی "بەرایێ" (بۆ) بۆ پشتیوانی خۆپێشاندەرەکان ناوبانگی دەرکرد.
 
ئەمرۆ هەیینی، 1ـی ئاداری 2024، شروین حاجی پوور لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی بریاری سزاکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە سزادراوە. 
 
بەپێی بڕیارەکە، ئەو گۆرانێبێژە ئێرانییە بە تۆمەتی "پروپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای هەشت مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بەلارێدابردن و هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
 
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە زۆرترین سزا کە سێ ساڵ زیندانە، بەسەر شروین حاجی پووردا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها چوونەدەرەوەی وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو هونەرمەندە ئێرانییە قەدەخە کراوە.
 
دادگە هەروەها چەند سزایەکی دیکەی بەسەر ئەو هونەرمەندەداسەپاندووە، وەک "خوێندنەوە، کۆکردنەوە و نووسینی بابەت لە دوو کتێبی ئایینی لەبارەی ژن و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیال میدیا، گوتنی گۆرانییەک لەبارەی تاوانەکانی ئەمریکا دژ بە مرۆڤایەتی، کۆکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئەمریکا لە سەدەی رابردوو و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە خولی راهێنانی کارامەیی رەفتار و زانیاری لە بواری هونەردا."
 
شروین حاجی پوور لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای مردنی "گوماناوی" ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی خەڵکی سەقز لە پۆلیسی ئەخلاقی تاران، گۆرانیی "بەرایێ" (بۆ) بۆ پشتگیری لە خۆپێشاندەران بڵاو کردەوە، کە تێکستی گۆرانییەکەی لە توویتەکانی خەڵکی ناڕازیی ئێران وەرگرتبوو. 
 
گۆرانییەکەی شروین حاجی پوور لە ماوەیەکی کەمدا لەلایەن ملیۆنان کەسەوە بینرا و وەکو سروودی خۆپێشاندانەکان جێی خۆی گرتەوە.
 
گۆرانییەکەی شروین حاجی پوور لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و لە 65مین خولی خەڵاتەکانی گرامی، خەڵاتی "گۆرانی بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی" بردەوە.
 
شروین حاجی پوور لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام سوپاسی پارێزەرەکانی دەکات، کە لە پرۆسەی دادگەییکردنیدا هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ دۆسیەکەی. هەروەها رایگەیاندووە، بەڕێوەبەری بەرنامەکانیشی "هیچ رۆڵێکی لە بەرهەمهێنان"ـی گۆرانیی "بەرایێ" دا نەبووە، لەلایەن دادگەوە تۆمەتبار کراوە.