خامنەیی بۆ خەڵکی ئێران: زوو بڕۆن دەنگ بدەن

01-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە، لە بنکەیەکی دەنگدان لە تاران ئامادە بوو و دەنگی خۆی دا.
 
ئەمڕۆ هەینی، 1-3-2024، کاژێر 08:00 بە کاتی ئێران (07:30 بە کاتی هەولێر) بنکەکانی هەڵبژاردن بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە و دەنگدان بۆ 12ـەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە دەستپێکرد.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شاڕەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە، لە بنکەی دەنگدانی حوسەینییەی ئیمام خومەینی لە تاران دەنگی دا.
 
دوای دەنگدان، خامنەیی بۆ میدیا قسەی کرد و داوای لە خەڵکی ئێران کرد لە کاژێرە سەرەتاکاندا بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن، "بۆ ئەوەی دۆستەکانی کۆماری ئیسلامی خۆشحاڵ بکەن و دوژمنەکانیان نائومێد بکەن."
 
خامنەیی گوتی: "من لە هەڵبژادنەکانی پێشوو گوتوومە و ئەمڕۆش دووپاتی دەکەمەوە، هەرچی زووتر سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لە کاژێرە سەرەتاکاندا بڕۆن و دەنگی خۆتان بدەن." 
 
دەشڵێت، "پێشنیازی دووەممم ئەوەیە کە بەگوێرەی دەنگی پێویستی هەر بازنەیەک دەنگ بدەن؛ بۆ نموونە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان لە تاران کە 16 بەربژێری هەیە بە ئەندازەی ئەو ژمارەیە دەنگ بدەن نەک کەمتر، یان بۆ ئەنجوومەنی شۆرای ئیسلامی لە تاران کە 30 بەربژێر هەن ئێوە بە ئەندازەی ئەو بەربژێرانە دەنگ بدەن نەک کەمتر، ئەوە پێشنیازی منە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا چاوی هەموو جیهان لەسەر ئێران و هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەیە و داوای بەشدارییەکی فراوانی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. 
 
خامنەیی رایگەیاند: "گەلی خۆشەویستمان ئەوە بزانن کە ئەمڕۆ چاوی زۆربەی خەڵکی جیهان چ  خەڵکی ئاسایی یان سیاسەتڤانان و ئەوانەی کە پۆست و پلە و پایەیان هەیە، چاویان لەسەر ئێرانە، لەسەر ئێوەیە دەیانەوێت بزانن ئێوە چی دەکەن لەو هەڵبژاردنە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ئێوە چی دەبێت."
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدی دەکەن و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. 
 
هەروەها 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەری دەکەن کە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە