ئەمڕۆ لە سەرجەم پارێزگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی ژماردنی دەنگەکانەوە ئەمڕۆ شەممە لە سەرجەم پارێزگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشووە.
 
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی بنکەکانی دەنگدانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لەنێو قوتابخانەکانن، بەهۆی درێژکردنەوەی کاتی هەڵبژاردنەوە لە سەرجەم پارێزگەکان پشووە.
 
پشووەکە هەر پێنج پارزێگەکانی ورمێ، سنە، لووڕستان، کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی زۆربەی چاودێرانی سەر سندووقەکان لە کارمەندان و مامۆستایانی پەروەردەی پارێزگاکان پێکهاتوون، هاوکات هەڵبژاردنەکانیش تا کاژێر 12:00ـی شەو درێژکرانەوە، بە دوو هۆکار پارێزگەکانمان سەرپشککرد بڕیار لە راگەیاندنی پشوو یان کردنەوەی قوتابخانەکان بدەن".
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، "هۆکارێکیان هیلاکی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەیە بەهۆی چاودێریکردنی سندووقەکان؛ هۆکارەکەی دیکەش ژماردنی دەنگەکانە بە دەست کە ئەوەش کاتی زۆری پێویستە".
 
رۆژی هەینی هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران و خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 31 پارێزگەکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 60 هەزار بنکەی دەنگدان بەڕێوەچوو.
 
پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکهاتووە و بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژمارە کورسییە 15 هەزار و 200 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو؛ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش 88 ئەندامی هەیە کە 144 کەس خۆیان بەربژێرکردبوو.
 
بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو کە لەو ژمارەیە 30 ملیۆن و 945 هەزار و 133 کەسیان پیاو و 30 ملیۆن و 227 هەزار و 165 کەسەکەی دیکە ژن بوون.
 
بڕیاربوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران کاژێر 06:00ـی ئێوارە کۆتایی بێت، بەڵام ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران شەش کاژێری دیکە ماوەکەی درێژکردەوە.