ژەهراویبوونی قوتابییان لە ئێران بەردەوامە و کەسوکاریان خۆپیشاندان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

زنجیرەی ژەهراویبوونی قوتابییانی کچ، ئەمڕۆ گەیشتە ژمارەیەک قوتابخانەی دیکەی تاران. زنجیرەیەک کە مانگێکە دەستیپێکردووە.
 
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە زیاتر لە 10 شار ژەهراویبوونی قوتابییان روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە قووم، بروجێرد و تاران پشتڕاستکراوەتەوە.
 
لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژەهراویبوونی قوتابییان روویداوە. قوتابییەکی قوتابخانەی سەرەتایی سپێهری مسباحی کرماشان دەڵێت، مامۆستاکانیان پێیان گوتوون ژنێک بۆمبێکی گازی هاویشتووەتە نێو قوتابخانە و رۆیشتووە. بە منداڵەکان گوتراوە "ئەمە، کاری کەسانێک بووە کە دەیانەوێ لە ئێران خۆپێشاندان بکرێت".
 
یوسف نووری، وەزیری پەروەردەی ئێران سەبارەت بەو بابەتە دەڵێ "بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە دامەزراوە جیاوازەکانەوە هەیە، حکومەت بڕیاری داوە کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ، بە بەشداریی دامەزراوەکانی دیکە بکرێت و ئەنجامەکەی رابگەیێندرێت".
 
ئیتلاعات و پۆلیسی ئێران دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیس، هێشتا نەیانتوانیوە هۆکاری ژەهراویبوونی قوتابییان دەستنیشان بکەن.
 
قوتابییەک لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەوە بەمشێوەیە باسی رووداوەکە دەکات "کاژێر 09:30 بوو، بۆنی گاز هەموو قوتابخانەکەمانی گرتەوە، چونکە نەخۆشیی هەناسەتەنگیم هەیە، زووتر هەستم بە بۆنی گازەکە کرد. هەستام چوومە لای پەنجەرەی پۆلەکەمان تاوەکو هەناسەم باشتر بێت، بەڵام بینیم هەموو هاوپۆلەکانم دەکۆکن. مامۆستاکەشمان لەسەر کورسی دانیشت و گوتی سەرم دەسووڕێ و ناتوانم لەسەر پێ بووەستم".
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی تەواوی ئەو قوتابییانەی ژەهراوی بوون، دیار نییە. زەهرا شێخی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە قووم 800 قوتابی و لە بروجێرد 400 قوتابی ژەهراوی بوون. 
 
لە بروجێرد تەنیا لە قوتابخانەکان نەبووە، شەوی رابردوو خوێندکارانی کچی بەشەناوخۆیی زانکۆی شارەکەش دوای بڵاوبوونەوەی بۆنێکی نامۆ لە هەوا، ژەهراوی بوون. ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.
 
بەردەوامیی ژەهراویبوونی قوتابییان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-3-2023) ناڕەزایەتیی دایک و باوکی قوتابییانی لە تاران لێکەوتەوە. بە درووشمدان دژی دەسەڵات، داوا دەکەن ئاسایشی گیانی منداڵەکانیان لە قوتابخانە پارێزراو بێت.