ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: یۆرانیۆمی پوختەکراوی ئێران 18 جار لە بڕی رێگەپێدراو زیاترە

01-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو گەردە یۆرانیۆمانەی کە لە ئێران دۆزیویانەتەوە، دەریدەخات کە مادەکە بە رێژەی 83.7٪ پوختەکراوە، واتە کەمی ماوە بگاتە رێژەی 90٪ی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. 
 
لە راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە، "گفتوگۆکان بەردەوامن" بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو گەردە یۆرانیۆمانە. ئێران بەردەوام رەتیدەکاتەوە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات. 
 
پێشتر پرسیار لە بارەی ئەو گەردانەوە پرسیار لە حکومەتی ئێران کرا، تاران گوتی، دەکرێت بەهۆی "هەڵبەزین و دابەزینی بێ مەبەست"ی پڕۆسەی پوختەکردنی یۆرانیۆمەوە دروستبووبن.  
 
ساڵی 2015، ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆکرد. لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، پوختەکردنی یۆرانیۆم بۆ رێژەیەکی دیاریکراو سنووردارکرا و رێگە بە پشکنەرەکانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە دەدرا سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن. لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵگیران. 
 
سەرەڕای ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێیوابوو رێککەوتنەکە لە سوودی ئێراندایە و نابێتە رێگر لەبەردەم گەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، بۆیە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.  
 
دوای ئەوەی کە واشنتنی سەردەمی ترەمپ سزا ئابوورییەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، تارانیش قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکە بوو و پوختاندنی یۆرانیۆمی بۆ سەرووی بڕی رێگەپێدراو بەرزکردەوە. 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مەزەندە دەکات بڕی یۆرانیۆمی ئێران لە کۆگاندا 18 جار لەو بڕە زیاتر بێت کە لە رێککەوتنەکەدا بۆی دانراوە. 
ئاژانسەکە مەزەندە دەکات ئێران 3 هەزار و 760 کیلۆگرام و 80 گرامی یۆرانیۆمی لە 12 شوبات هەبووبێت، واتە 87.1 کیلۆگرام زیاتر لەو بڕەی لە کاتی دەرکردنی راپۆرتی پێشوودا هەبوو. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی، پێویست بوو ئێران لە 202.8 کیلۆگرام زیاتر یۆرانیۆمی نەبێت. 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریش دەدات کە توانای تەواوی نەماوە بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 
 
راپۆرتی ئاژانسەکە باس لەوە دەکات: "22ی کانوونی دووەمی 2023، ئاژانسەکە چەند نموونەیەکی ژینگەیی لە بنکەی فۆردو وەرگرتن و ئەنجامی شیکارییەکەی دەریدەخەن کە گەردی یۆرانیۆمی پوختێنراوی ئاستبەرز کە پوختییەکەی دەگاتە 83.7٪، لەوێ هەبووە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە