کاتی چنینەوەی نێرگز لە ئێران دەستیپێکردووە

رووداو - هەولێر

لە ناوچەکانی باشووری خوراسانی ئێران، کێڵگەکانی گوڵی نێرگز، گوڵیان پێ گەیشتووە و ئیدی نێرگز چنینەوە دەست پێدەکات.

بۆن و بەرامەی نێرگز بە مەزراکاندا بڵاو بووەتەوە و جووتیاران سەرقاڵی گوڵچنینن.

لە باشووری خوراسان نزیکەی 200 جووتیار داهات و بژێوییان لە کێڵگەکانی نێرگز بە دەست دەهێنن، داهاتی ساڵانەیان نزیکەی دوو ملیار تمەنی ئێرانییە.

جووتیاران پێش خۆرهەڵهاتن دەچنە سەر کێڵگەکان و دەڵێن، بۆنی نێرگز لە کاتی خۆرهەڵهاتندا هاوشێوەی نییە.

لە چەند شارێکی ئێران وەک، تاران ، کرمان ، یەزد ، خوراسانی رەزەوی، سیستان و بەلوچستان گوڵی نێرگز دەچێندرێت و بەرهەم و بۆنوبەرامەی سوودی لێ وەردەگیرێت.

هەندێک لە جووتیاران رۆژانە نزیکەی دوو هەزار چل گوڵی نێرگز دەچننەوە.

شارەزایانی بواری کشتوکاڵ دەڵێن ، کێڵگەکانی نێرگز لە رووی ئابوورییەوە سوودێکی زۆریان هەیە ، بەتایبەت کە لە رووی دابینکردنی ئاو، کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە.

دووەم و سێیەم مانگی هاوین، بە باشترین کات بۆ چاندنی گوڵی نێرگز دادەنرێت، بۆئەوەی رەگەکانیان پێش هاتنی زستان گەشە بکەن.

گوڵی نێرگز لە هەندێک ناوچە خۆی دەڕوێت و رەنگی جۆراوجۆری وەکو ؛ سپی و زەرد و سەوز و پەمەیی و پرتەقاڵی و سووریشی تێدایە.

تۆوی نێرگز بۆ ماوەی چەند ساڵ بەر دەدات و ساڵ لە دوای ساڵ گوڵەکەی جوانتر دەردەکەوێت.

چاندن و روواندنی گوڵی نێرگز ، بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی گوڵ ئاسانترە و دەکرێت لە باخچەیەکی بچووکدا بەرهەم بهێندرێت.