رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووریی دەریایی دەڵێت، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گفتوگۆ بکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.
عەلی عەبدولعەلیزادە، نوێنەری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووری دەریایی لە گوتەیەکدا لە تاران رایگەیاند، ناکرێت کێشەکانی وڵات بەم شێوەیەی ئێستا بمێننەوە، پێویستە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆ بکرێت.
عەلی عەبدولعەلیزادە گوتی "کۆی دەسەڵات لە ئێران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و رووبەڕوو، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکرێت"؛ جەختیشی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا پێویستی بە "سیاسەتی نوێی دەرەوەی" هەیە.
نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران گوتی "یەکەمین بنەمای ئێمە لە گەشەپێدانی دەریایی بریتییە لە پێشخستنی سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ جیهان"؛ ئاماژەشی بەوە کرد "هەر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا گوتم پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ دا بکەین. ناکرێت پرسەکانی وڵات بە هەڵواسراوی بمێننەوە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی شکۆمەندانە قسە بکەین و داکۆکی لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان بکەین."
ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1980ـەوە پەیوەندیی فەرمیی دیپلۆماسیان نییە، بەڵام ساڵانی رابردوو بەرپرسانی هەردوو وڵات چەندین جار سەبارەت بە دۆسیەی پرۆگرامی ئەتۆمی گفتوگۆ و دانوستاندنیان کردووە.
ئەم لێدوانەی نوێنەری پزیشکیان لەکاتێکدایە، کەمتر لە سێ هەفتەی دیکە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و دەسەڵات لە ئەمریکا دەگرێتەدەست، ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی "ئەوپەری گوشار" بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێتەوەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ