فەرمانگەی باجی ئێران: داهاتی حکومەت لە باج لە 9 مانگدا 10 ملیار دۆلار بووە

01-01-2025
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی باجی ئێران دەڵێت، داهاتی حکومەت لە وەرگرتنی باج بەراورد بە ساڵی پێشتر 48٪ زیادی کردووە و لە 9 مانگدا زیاتر لە 812 تریلیۆن تمەن باج لە خەڵک و کۆمپانیاکان وەرگیراوە کە دەکاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار.
 
بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن فەرمانگەی باجی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-12-2024، 812 تریلیۆن و 78 ملیار تمەن داهاتیان لە رێگەی وەرگرتنی باجەوە هەبووە.
 
فەرمانگەی باج دەڵێت، زیاتر لە 541 تریلیۆن تمەن کە دەکاتە 67٪ـی کۆی باجی ئەو ساڵە بە شێوەی راستەوخۆ وەرگیراوە و زیاتر لە 270 تریلیۆن تمەنیش کە دەکاتە 33٪ـی کۆی باجەکە، لە رێگەی باجی سەر شتومەک و خزمەتگوزارییەکانەوە وەرگیراوە.
 
فەرمانگەکە دەشڵێت، لەو 541 تریلیۆن تمەن باجەی کە بە شێوەی باجی راستەوخۆ وەرگیراوە، 362 تریلیۆن تمەن باجی سەر کۆمپانیاکان، 159 تریلیۆن تمەن باجی سەر داهات و زیاتر لە 20 تریلیۆن تمەن باجی سەر سەرمایە بووە.
 
بەپێی فەرمانگەکە، لە ماوەی ئەو 9 مانگەدا 12٪ـی کۆی باج کە دەکاتە 93 تریلیۆن تمەن لە کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت و حکومی وەرگیراوە و 7٪ـی باجەکەش کە دەکاتە 56 تریلیۆن تمەن لە کەرتی بازرگانی و دووکانداران وەرگیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە