ئێران پێنج کەسی بە تۆمەتی دزیکردن لە سێدارە دا کە 'گوێی دزیلێکراوەکانیان دەبڕی'

01-01-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران پێنج کەسی بە تۆمەتی "دزیکردن لە رێگەی چەک، چەتەگەریی و بڕینی گوێی ئەو کەسانەی کە دزییان لێدەکرد"، لە گرتووخانەی ناوەندی شاری کەرەج لەسێدارە دا.
 
حوسێن فازڵی هەریکەندی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ئەلبورز، ئەمڕۆ دووشەممە، 1-1-2024، رایگەیاند: "لە گرتووخانەی ناوەندی شاری کەرەج سزای لە سێدارەدان بە سەر پێنج کەسدا جێبەجێکرا، کە لە پارێزگاکانی ئەلبورز، قوم، هەمەدان، مەرکەزی، لۆرستان و خوزستان لە رێگەی چەکەوە دزییان لە خەڵک کردبوو."
 
حوسێن فازلی هەریکەندی، ئەو کەسانەی وەک "دزی چەکداری مەترسیدار" ناو برد، بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکات و گوتی، "ئەو کەسانە چوار دزیی ئاژەڵیان لەسەر ئاشکرا ببوو، هەروەها 14 دزیی دیکەیان لە رێگەی چەکەوە کردبوو و لە دزیکردندا چەکی کلاشینکۆفیان بەکارهێنابوو."
 
بە گوتەی هەریکەندی، ئەو کەسانە بێجگە لە دزیکردن لە چەندین کێلگەی ئاژەڵداری، لە رێگەی نێوان شارەکاندا دزییان لە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانیش کردبوو و چەند جاریش بۆ ترساندن گویێ چەند کەسێکیان بڕیوە، کە یەک لەو کەسانە منداڵێکی نڤیشکان و یەکێکی دیکە شۆفێری بارهەڵگرێکە.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ئەلبورز دەڵێت، "لە دزیکردنیاندا هەندێکجار کە رووبەڕووی بەرگریی کەس یان کەسانی دزیلێکراو بوونەتەوە، گوێی خەڵکیان بە چەقۆ بڕیوە، بۆ نموونە لە یەكێک لە دزییەکانیاندا کە بۆ دزیی ئاژەڵ رۆیشتوون، کاتێک دەبینن کەسێک لەگەڵ دوو منداڵە نڤیشکانەکەی خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیەتی و کەسەکە هەوڵدەدات رێگرییان لێ بکات، بەڵام ئەوان بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندن، گوێی یەکێک لە منداڵەکانی ئاژەڵدارەکەیان بە چەقۆ بڕیوە."
 
حوسێن فازڵی هەریکەندی رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی ئەو پێنج تۆمەتبارە، لێکۆڵینەوە لەبارەی تۆمەتەکانیان دەستیپێکرد و دواتر لە دادگەی کەرەج هەموو تۆمەتەکانیان بەسەردا ساخبووەوە.
 
فازلی هەریکەندی گوتی: "دۆسیەی ئەم گرووپە لە دادگەی شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتی دزیکردن بە شێوەی گرووپ و لە رێگەی چەکەوە، هەڵگرتنی چەک بە شێوەی نایاسایی، بڵاوکردنەی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵکدا و زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵکی خەڵک لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و دوای ساخبوونەوەی تۆمەتەکان بەسەریاندا، دادگە سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەر پێنج کەسەکەدا سەپاند."
 
دوای ئەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانەوە پەسند کرا، رۆژی دووشەممە ئەو پێنج کەسە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کەرەج لەسێدارەدران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە