بەشێک لە خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمیی باران و بەفربارین بە 'پیلانگێڕی' ناودەبەن

01-01-2024
فواد حەقیقی
راماڵینی بەفر لە ناوچەیەکی باکووری کوردستان
راماڵینی بەفر لە ناوچەیەکی باکووری کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییان لە ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی بەفربارین لە شارەکانی سعودیە و باکووری کوردستان بڵاودەکەنەوە و پرسیاری ئەوە دەکەن، بۆچی لە وڵاتە دراوسێکانی ئێراندا بە رێژەیەکی زۆر بەفر باریوە، بەڵام لە ئێراندا بەو رێژەیە نەباریوە. تەنانەت هەندێک کەس هۆکاری بڵاوبوونەوەی هەورەکانیان لە ئاسمانی پارێزگای ورمێدا گەڕاندەوە بۆ تاوەرە چینییەکان، کە لە چیای ساوەڵاندا دانراون بۆئەوەی ئەو هەورانە دووربخەنەوە کە تەرزەیان لێ دەبارێت.
 
وێنەیەکیش زۆر بڵاوبووەوە کە باس لەوە دەکرێت ئێران بووەتە ناوەندی گەرمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. زۆر کەس ئەوانەیان وەکو بەڵگەیەک بۆ دیاردەی هارپ، دزینی هەورەکان لە ئاسمانی ئێران و رێگری لە بارین لە قەڵەمدا، گوایە پیلانێکی ژینگەیی دژی ئێران لەئارادایە، ئەوە زیاتر لەلایەن لایەنە تووندڕۆکانی ئێرانەوە هاتە گۆڕێ.
 
کاوە مەدەنی، جێگری پێشووی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، "پشتبەستن بە نەخشەیەکی رەنگاوڕەنگ، هەوڵێک دژی زانست و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکی ناشارەزا و نیگەران لە نەبارینەکانە و لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک دوورمان دەخاتەوە."
 
ناسر کەرەمی، شارەزای ژینگەش ئاماژە بەوە دەکات، "بارینی بەفر لە سعوودیە شتێکی سرووشتییە و لە ساڵانی رابردووشدا باریوە. لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما لە بیابانەکاندا دەگاتە ژێر سفریش."
 
لەم ماوەیەدا دەنگۆی دیکەش لە پەیوەندی لەگەڵ کەمیی بارینەکان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام هیچیان لەڕووی زانستییەوە نەسەلمێندراون. بۆ نموونە، گەرمتربوونی ناوچەی دەریاچەی ورمێ بەهۆی وشکبوونی دەریاچەکەوە و شێدارنەبوونی ئەم ناوچەیە.
 
ئیسماعیل سیمایی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "ئەو شتەی باسی دەکرێت، پشتبەستوو بە توێژینەوەیەکی تێروتەسەل و بەڵگەیەکی زانستی نییە. لە 29 پارێزگای وڵاتەکەماندا کەمتر لە ئاستی نۆرماڵ باریوە. لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، لەوانە تورکیا، بوونی دەریای رەش و مەدیتەرانە لە باکوور و باشوورەوە، ئەو وڵاتە شێدار دەکات."
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی نیشتمانیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی وشکەساڵی، ئەمساڵ 44% کەمتر لە ئاستی نۆرماڵ باریوە. تائێستا دەبوو 65 میلیمەتر ببارێت، بەڵام کەمتر لە 37% باریوە. تەنانەت بۆ زستانیش چاوەڕوانی شتێکی ئەوتۆ ناکرێت.
 
سەحەر تاجبەخش، سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێران باسی لەوە کرد، "ئەو شتەی کە نەخشەکانی ئێمە نیشانی دەدەن، بۆ زستان نیشانەیەکی تایبەتمان نییە، پێشبینی دەکرێت لە ئاستی نۆرماڵ و تەنانەت کەمتر لە ئاستی نۆرماڵیش ببارێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر زۆریش ببارێت، پاییز هێندە کەم باریوە کە قەرەبووی ناکاتەوە."
 
ساڵێک کە چاوەڕوان دەکرا باش ببارێت، ئێستا مایەی بێهیواییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە