پەرلەمانی ئێران گۆڕانکاری لە یاسای رێکخستنی کۆڵبەریدا کرد

01-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، یاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان" رەتکردەوە و گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان، بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەری و بازرگانیی قەبارە بچووک لە سنوورە ئاوییەکان پەسند کرابوو، پەرلەمانی ئێران پێداچوونەوەی بە یاساکەدا کرد و دوو مادەی یاساکەی گۆڕی.
 
لە رۆژانی رابردوودا، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، بەهۆی رەخنەکانی لە دوو مادەی یەکەم و دووەمی یاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان" رێکخستنی کاری کۆڵبەریش لە خۆدەگرێت، یاساکەی رەتکردەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوە و راستکردنەوەی، جارێکی دیکە بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتەی گەڕاندەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بەو یاسایە خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دوای تاوتۆیکردنی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، گۆڕانکاری لە دوو مادەی یەکەم و دووەمی یاساکەدا کرا.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە یاساکەدا کراون، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی کۆڵبەری و ئاوییەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە چوارچێوەی رێنماییەکانی یاساکەدا رێگەپێدراوە، بەڵام دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنێکی کەلوپەل بەپێی یاسا و رێساکانی پەیوەندیدار بەو بوارە دەبێت.
 
بە گوێرەی مادەی یەکەمی یاساکە، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێرەوە ئاوییەکانی وڵات لە رێگەی کەشتییەکانی بچووک بە قەبارەی کەمتر لە 500 تۆن، تەنیا بە پشتبەستن بەم یاسایە دەبێت و یاسا و رێکارەکانی دیکەی تایبەت بە هاوردەکردنی کەلوپەل نایانگرێتەوە. هەروەها ئەو کەسانەی بەو رێگەیە کەلوپەل هاوردە دەکەن، لە ساڵێکدا دەتوانن تەنیا بە بەهای 1200 یۆرۆ و لە هەر گەشتێکدا بە بەهای 500 یۆرۆ کەلوپەل هاوردە بکەن.
 
پەیوەندیدار بە مادەی دووەمی یاساکەش، کە تایبەتە بە رێکخستنی کاری کۆڵبەری، تێدا هاتووە کە "هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرانەوە تەنیا بەپێی ئەم یاسایە دەبێت، بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلەکانیان تەنیا بە رێژەی 50٪ باج و رسوومات دەدەن، هەروەها لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکەدا، لە باج و رسووماتی دیکەی تایبەت بە هاوردەکردنی کەلوپەل دەبەخشرێن."
 
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان" کە لەلایەن حکومەتەوە ئامادە کرابوو، پەسند کردبوو. لە کۆی 215 پەرلەمانتاری کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون، 181یان بە بەڵێ و 20یان بە نەخێر دەنگیان دا، هەروەها دەنگی 19 پەرلەمانتاریش بێلایەن بوون.
 
لە کاتی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەدا، محەممەدڕەزا پوورئیبراهیمی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران گوتی، "بە پەسندکردنی هەنگاوێکی گونجاو دەگیرێتەبەر بۆ رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەری و قازانجی سەرەکیش دەچێتە گیرفانی کۆڵبەران."
 
محەممەد حوسێنی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان رۆژی 16-07-2023 رایگەیاندبوو، حکومەت بە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری ناوچە سنوورییەکان و دابینکردنی دەرفەتی کار و داهات بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان پڕۆژەیاسایەکی بە ناوی "رێکخستن و چاودێریکردنی بازرگانیی سنووری" داوەتە پەرلەمان. 
 
بە گوتەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران، لە پڕۆژەیاساکەدا جۆر و بەهای کەلوپەلەکان کە هاوردە دەکرێن دیاری کراون و حکومەت هەر داهاتێکی لەو رێگەیەوە دەستبکەوێت، لە پەرەپێدانی ژێرخانەکانی ئەو پارێزگایە خەرجی دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە