رووداو دیجیتاڵ
سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانیان چەندین پێگەی حووسییەکانی یەمەنیان لە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە چەکدارییە بۆردوومان کردووە.
رۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رۆژانی 30 و 31ـی کانوونی یەکەم، فڕۆکە و کەشتییەکانی هێزی دەریایی، دامەزراوەیەکی فەرماندەیی و ناوەندێکی کۆنترۆڵی حووسییەکان و کۆگەیەکی هەڵگرتنی مووشەک و درۆنییان کردە ئامانج."
سێنتکۆم دەڵێت، ئەو دامەزراوانەی کراونەتە ئامانج لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وەکو هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە دەریای سوور و کەنداوی عەرەب تێدەپەڕین" بەکاردەهێندران.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانیان پێگەیەکی راداری حووسییەکان، حەوت مووشەکی کروز و درۆنێکی حووسییەکانیان لە ئاسمانی دەریای سوور تێکشاندووە.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا ئاماژە بەوەش کراوە: "ئەو هێرشانە بەشێکن لە هەوڵەکانی سێنتکۆم بۆ کەمکردنەوەی هەوڵی حووسییەکان لە هەڕەشە خستنەسەر هاوبەشە ناوچەییەکانمان و کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ناوچەکە."
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، هەڵگیرسا، حووسییەکانی یەمەن هاوپەیمانیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نزیک لە ئیسرائیل لە دەریای سوور و بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل کرد.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی، لەو کاتەوە "حووسییەکان بە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک زیاتر لە 220 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و زۆربەی هێرشەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچدراونەتەوە. هەروەها، بزووتنەوە یەمەنییەکە زیاتر لە 300 هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ