روانگەی سووری: لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریا 6 چەکداری عێراقی کوژراون

31-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژماری کوژراوانی دوێنێی هێرشەکانی سەر سووریا و عێراق، بۆ 23 کەس بەرزبووەوە.
 
کوژراوەکان پێنجیان سووری و 18یان هەڵگرانی وڵاتینامەی دیکەن لەوانە چواریان ئەندامی حیزبوڵای لوبنانی و شەشیان عێراقی و هەشتیان ئێرانین.
 
روانگەو سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی رۆژی شەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ سەر سووریا رایگەیاند، "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند خاڵ و بارەگایەکی میلیشیاکانی ئێران لە سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنیی نزیک ناوچەی دەوا هەجانەی سەر بە شارۆچکەی ئەلبوکەمالی بووە، جگە لە خاڵەکانی فەوجی 47 لە دەورووبەری ئەلبوکەمال، هەروەها کاروانێکی میلیشیاکانی پێکاوە کە لە عێراقەوە چووبوونە نێو سووریا".
 
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیانکراوەتە سەر. 
 
بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە ئیسرائیل 76 جار هێرشیکردووەتە سەر سووریا، 51یان هێرشی ئاسمانی و 25یان زەوینی بووە، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کردنە ئامانج و تێکدانی 154 ئامانج کە کۆگای چەک و تەقەمەنی و بارەگا و سەنتەر و ئامێر و ئۆتۆمبێل بوون و کوشتنی 149 سەرباز، جگە لە برینداربوونی 154ی دیکە.
 
کوژراوان بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
- 40 کەس لە هێزەکانی سووریا
- 59 کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەوانەی هەڵگری وڵاتینامەی سووری نین.
- 7 کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەنێویاندا گەورە راوێژکارێک هەیە.
- 13 کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هەڵگرانی وڵاتینامەی سووری.
- 2 لە گرووپەکانی سەر بە مقاوەمەی سووری بۆ رزگارکردنی جۆلان کە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی کاردەکەن.
- 24 لە حیزبوڵڵای لوبنانی.
- دوو ئەندامی جیهادی ئیسلامی.
- دوو نادیار.
 
جگە لەوەش ئافرەتێک و سێ پیاو کوژراون و چەندین کەسی دیکەی سڤیل برینداربوون.
 
کردنە ئامانجی شوێنەکانیش بەمشێوەیە بووە:
 
- 30 جار دیمەشق و دەوروبەری
- 18 جار قونەیتەرە
- 2 جار حەما
- 3 جار تەرتووس
- 9 جار حەلەب
- 5 جار سوەیدا
- 13 جار دەرعا
- 4 جار حومس
- 3 جار دێرەزۆر

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە