وەزیری بەرگریی ئەمریکا: رێگەنادەین حەماس و پووتین براوەبن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا چوونە کۆنگرێسی وڵاتەکە و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دەرماڵە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەوە، بەمەبەستی پەسندکردنی داواکاریی ئیدارەی بایدن بۆ هاوکارییکردنی ئیسرائیل و ئۆکراینا کە لە 106 ملیار دۆلار پێکهاتووە. وەزیری بەرگری دەڵێت، رێگەنادەن پووتین و حەماس براوەی ئەو دوو جەنگە بن.
رۆژی سێشەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا چوونە بەردەم ئەنجوومەنی پیران. پێش ئەوەی هەردوو وەزیرەکە لەبەردەم ئەنجوومەنی پیران قسە بکەن، ژمارەیەک چالاکڤانی دژە جەنگی غەززە، کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر هەڵوێست و سیاسەتی ئەمریکا لەو جەنگەدا دەربڕی و داوای کۆتاییهێنان بەو جەنگە و راگەیاندنی ئاگربەستیان کرد، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسی کۆنگرێسەوە کرانە دەرەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکە.
لە دەستپێکدا، بلینکن لە گوتارێکدا رایگەیاند، هەردوو جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە دژی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ئەمریکا هەیە.
گوتارەکەی بلینکن زیاتر لەسەر دۆخی ئێستا کەرتی غەززە بوو کە لە رۆژی 7ـی مانگەوە لە وەڵامی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل بەردەوام بۆردوومانی کردووە و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین زیاتر لە هەشت هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی گرووپە فەلەستینییەکان کوژراون، ئەمە جێگە لەوەی لانیکەم 240 ئیسرائیلی و هاووڵاتیی بیانی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە لە غەززە گیراون.
بلینکن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە زیانی مرۆیی جەنگی غەززە کرد و رایگەیاند "لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل هەمیشە باسمان لەوە کردووە کە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان هەڵسوکەوت بکەن و هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دوورکەوتنەوە لە هەموو زیانێکی مرۆیی."
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی فراوانبوونی جەنگی غەززە هۆشداریدا و دەڵێت، "رووسیا و ئێران پێکەوە کار دەکەن بۆ دروستکردنی ئاڵنگاری و هەڕەشە بۆ ئێمە. ئەوان لە سووریا هاوبەشن و ئێستاش دەبینین گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە سووریان و بە مووشەک ناوچەکانی باکووری ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. هەروەها لە ئۆکرایناش ئێران، درۆنی بۆ رووسیا ناردووە تاوەکو خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج."
دواتر لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن گوتاری خۆی بۆ لیژنەی دەرماڵەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێشکێش کرد و رایگەیاند لەو دوو جەنگەدا "ئەمریکا رێگەنادات حەماس و پووتین براوە بن." هەروەها باسی لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند "هێرشەکانی حەماس تاوانەکانی داعشی لە عێراق و سووریا وەبیرهێنامەوە. زۆرباش دەزانین حەماس نوێنەرایەتیی خەڵکی فەلەستین ناکات."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راشیگەیاند، "بەردەوام دەبین لە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاووڵاتیانمان لە ناوچەکە، هێزەکانمان بەردەوام لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە ئامانجکراون. دەبێت ئەم هێرشانە کۆتاییان پێبێت. لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، چەند بنکەیەکی ئەو گرووپانەمان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج، ئەگەریش هێرشەکانی ئەو گرووپانەی نزیک لە ئێران لە دژی هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوا هیچ دوودڵ نابین لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی سەربازانمان و خەڵکی خۆمان."
بەگوێرەی گوتەبێژی پێنتاگۆن لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 20 جار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کراونەتە ئامانج.
هەروەها لۆید ئۆستن باسی لەوەش کرد لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هێرشەکان، پێنتاگۆنیش ژمارەی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادکردووە، "تاوەکو رێگری لە جموجووڵی هەر دەوڵەتێک و گرووپەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بکەین هەوڵی فراوانکردنی ئەو جەنگە بدەن."