نرخی خۆراک و میوە لە غەززە بەرزبووەتەوە؛ 'خەڵک هەیە ناتوانێت یەک تەماتە بکڕێت'

01-11-2023
محەممەد سالم
بازاڕێکی سەوزە و میوە لە خان یونس
بازاڕێکی سەوزە و میوە لە خان یونس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رووبەری کەرتی غەززە نزیکەی 360 کلیۆمەتر چوارگۆشەیە و دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس لەسەر ئەو رووبەرە کەمە دەژین. ٪95ی بەرهەم و کاڵاکانی کەرتی غەززە هاوردەن، 65٪ی لە ئیسرائیل و 35٪یشی لە میسرەوە هاوردە دەکرێن، بەڵام لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە، ئیسرائیل دەروازەکانی داخستوون، ئەمەش نرخی کاڵا و خۆراکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.
 
حاجی حوسێن ئەبو عەلی، ئاوارەی غەززە لە خان یونس دەڵێت، "نرخی هەموو شتێک لە غەززە بەرزبووتەوە، سەوزە، میوە مریشک، بۆ نموونە پێشتر چوار پێنج کیلۆ تەماتە بە 10 شیکل بوو، ئێستا یەک کیلۆ بە 6 شیکلە. خەڵک هەیە پارەی نییە، دەبەیەکی ئاوی پاکی خواردنەوە بە 20 شیکل بووە، ئێستا بە 70 شیکلە و پاکیش نییە. کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 9 شیکلە، نان بە 4 شیکلە و لە دەرەوە نانەوا و سەموونخانەکان بە 10 شیکلە". 
 
دانیشتووانی خان یونس باس لە کۆژانەکانیان دەکەن و دەڵێن، هەموو شتێک گران بووە. حاج ئەیمەن قەدرە، فرۆشیار باس لەوە دەکات، "نرخی تەماتە بەرزە، خەیار، پەتاتە، پیاز، مەعەدەنوس، تەواوی سەوزە و میوەکانی دیکە نرخەکانیان بەرزبووەتەوە، خەڵک پارەی نییە، هەندێک دێن بە خۆڕایی سەوزەیان پێدەدەین، ئێمەش هاوکارییان دەکەین".
 
ئەحمەد مەسری، دانیشتووی خان یونس گوتی، "نرخ هەمووی بەرزبووەتەوە، گوزەرانی خەڵک زۆر سەختە و گرفتارن، وەک خۆم دەتوانم کیلۆیەک تەماتە بکڕم، بەڵام زۆر کەسی دیکە هەن پارەیان نییە نیو کیلۆ، تەنانەت یەک تەماتەش بکڕن". 
 
ئیسرائیل بەردەوامە لە داخستنی هەر شەش دەروازەکەی لەگەڵ غەززە کە پێشتر رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچوونە نێو غەززە و کاڵا و کەرەستە سەرەکییە جۆراوجۆرەکان دابین دەکران. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە