رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا- ئێف بی ئای دەڵێت، دەکرێت هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل ببێتە سرووش و هاندەرێک بۆ ئەوەی تووندوتیژی لە ئەمریکا زیاتر بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک گرووپی تووندڕۆ داوای هێرشکردنە سەر ئەمریکی و رۆژئاواییەکان دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، کریستۆفەر رەی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا بە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی راگەیاند، "هەڵسەنگاندنی ئێمە بەو جۆرەیە کە کارەکانی حەماس و هاوپەیمانەکانی دەبنە سرووشێک، کە لەو کاتەوەی رێکخراوی داعش خەلافەتەکەی راگەیاندووە وێنەیان نەبووە".
کریستۆفەر رەی هەندێک وردەکاری لەوبارەیەوە راگەیاند و گوتی، "تەنیا لە چەند هەفتەی کەمی رابردوودا ژمارەیەک رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی داوای هێرشیان بۆسەر ئەمریکییەکان و رۆژئاوا کردووە. ئەلقاعیدە بانگەوازی زۆر تایبەتی هەبووە بۆ هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان. داعش هانی شوێنکەوتووانی داوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە جوونشینەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا بکەنە ئامانج. حیزبوڵڵا بە ئاشکرا پاڵپشتیی خۆی بۆ حەماس دەربڕیوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە هەمان کاتدا زیادبوونی هێرشەکانمان بۆسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات بینیوە کە لە لایەن گرووپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکار لە لایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون".
حەماس بزووتنەوەیەکی سوننەی ئیسلامییە، بەڵام لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی چەندین گرووپ و بزووتنەوەی دیکەش لە ناوچەکە دەکات، لەوانەش حیزبوڵڵای لوبنان و ژمارەیەک گرووپی چەکدار لەنێو عێراق.
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا 27 جار هێرشیان کراوەتە سەر.
ئەم تووندوتیژییە رۆژی 7-10-2023 دەستی پێکرد، ئەوەش کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل. حکومەتی ئیسرائیلیش جەنگی راگەیاند و گوتی، کۆتایی بە حەماس دەهێنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەخنە لە هێرشەکەی حەماس دەگرێت و پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە. ئەوەش وایکردووە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بڵێن، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ