ئەردۆغان رەخنە لە سوپای ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت 'تاوانی دژی مرۆڤایەتی' ئەنجام دەدات

31-10-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت و سوپای ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکات کە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە غەززە ئەنجام دەدات. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، رایگەیاند، ئیسرائیل "تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە غەززە ئەنجام دەدات" و بە پێویستیشی زانی بۆردوومان، تۆپباران و هێرشی زەوینیی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین دەستبەجێ بووەستێت. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاواش گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە لە بەرامبەر "تاوان"ـەکانی سوپای ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە هەڵوێستێکی روونیان نییە. 
 
ئەردۆغان لەوبارەوە گوتی، "جیهانی رۆژئاوا، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا، جارێکی دیکە لە وانەی تایبەت بە مرۆڤایەتییدا لە غەززە شکستیان هێنا" و ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی رۆژئاوایی متمانەی خۆیان بە تەواوی لەدەستداوە و گوتی، "ئەوانەی کە ئەمڕۆ تەماشاکەری مەرگی هەزاران منداڵی غەززەیین، هیچ رەوایەتییەکییان نییە کە سبەی لەبارەی هەر بابەتێك قسە بکەن". 
 
ئەم گوتانەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدان، جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە چڕبووەتەوە. 25 رۆژە شەڕەکە دەستی پێکردووە، ئەوەش دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ژمارەیەک کۆمەڵگەی جوونشینی باشووری ئیسرائیل. 
 
لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا 1400 ئیسرائیلی کوژراون، 5431 ئیسرائیلی برینداربوون و 240 کەسیش رفێندراون و لای حەماس بارمتەن. لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، 8525 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 20 هەزار کەسیش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە