منداڵێکی برینداری غەززە بۆ رووداو: ئێمە هیچ گوناهێکمان نییە و چەکمان هەڵنەگرتووە

31-10-2023
محەممەد سالم
یەکێک لە منداڵە بریندارەکانی غەززە
یەکێک لە منداڵە بریندارەکانی غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی فەلەستین، 70٪ـی ئەوانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، ژن و منداڵن. نەخۆشخانەکانی غەززە پڕبوون لە منداڵ. لەیان و عەبلە دوو خوشکن و لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە شاری رەفەح برینداربوون، ئێستا لە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە باشووری کەرتی غەززە چارەسەر دەکرێن.
 
لیان، بریندارێکی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلە و بە رووداوی گوت، "لە ماڵەوە دانیشتبووین، مووشەکێکمان بەرکەوت، برینداربووین، هەردوو دەست و پێم سووتاوە، تەنانەت عەبلەی خوشکم-یش بریندارە و دەموچاو و جەستەی سووتاوە. پێیاندەڵێین، ئێمە منداڵین هیچ گوناهێکمان نییە، چەکمان لە دژتان هەڵنەگرتووە و ئێمە منداڵین و گوناهمان چییە؟".
 
سیلیایە، یەكێکی دیکەیە لە منداڵە بریندارەکان، دایک و برا ساواکەشی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لەدەستداوە.
 
ئەشرەف ئەبو هەجرەس، باوکی سیلیا دەڵێت، "هاوژینەکەم، دایکی سیلیا و منداڵە ساواکەی کە تەمەنی تەنیا 10 رۆژ بوو، شەهید بوون، لە ناوچەی زنە-ی سنوور رامان کردبوو بۆ ئێرە، لە مردنێک بۆ مردنێکی دیکە رامانکرد، گەورەیی و ستایش بۆ خودا، هاوژین و منداڵەکەم بە شەهید هەژمار بکات، سیلیای کچم رزگاربووە، ئەویش شەش مانگە بەدەست شکانەوە دەناڵێنێت و پلاتینی بۆ دانراوە".
 
زیاتر لە 3000 منداڵ بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل گیانیان لە دەستداوە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 900 منداڵ چارەنووسیان نادیارە و لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکاندان.
 
لە سەرەتای جەنگەوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، زۆرترن گیانلەدەستدان و بریندار منداڵن، لەکاتێکدا بەردەوام داوا دەکرێت، منداڵ و ژنان و سڤیل لە هەموو بە ئامانجکردنێک بە دووربگیرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە