لە غەززە کوتانی دژەئیفلیجیی منداڵان دەستیپێکرد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە نێوەڕاستی کەرتەکە هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 31-08-2024) مووسا عابد، بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستیی بنەڕەتی لە وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند "بەرپرسانی تەندروستی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان، لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەستیان بە کوتانی منداڵان لەدژی ڤایرۆسی ئیفلیجی کرد."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-08-2024، ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین رایگەیاندبوو "بەگوێرەی گفتوگۆ و رێککەوتنەکە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول ئیسرائیل بۆ ماوەی سێ رۆژ، ئاگربەستێکی مرۆیی کاتیی رادەگەیێنێت، بۆ ئەوەی پێکوتەی ئیفلیجیی منداڵان دابەش بکرێت."
 
بڕیارە هەڵمەتی کوتان لە نێوەڕاست دەستپێبکات پاشان باشوور و ئینجا باکووری غەززە بگرێتەوە. لە هەڵمەتەکە هەر منداڵێک دوو قورچکی پێکوتەکەی پێدەدرێت و لانیکەم 640 هەزار منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ دەکوترێن.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند ''هەڵمەتەکە لە سێ رۆژدا بە بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار و 100 کارمەندی WHO دەکرێت و بە ئومێدین 90٪ـی ئامانجەکەمان بپێکین."
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار قورچکی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان گەیێندراونەتە غەززە و بڕیاریشە 400 هەزار قورچکی دیکەش دابینبکرێن.
 
بەگوێرەی WHO، لەکۆی 132 بنکەی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئێستا تەنیا 44ـیان کراوەن، لە کۆی 36 نەخۆشخانە، تەنیا 17ـیان توانای وەرگرتنی نەخۆش و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستییان هەیە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 16ـی ئەم مانگە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (W‌HO) رایگەیاند "رێکخراوەکەمان و رێکخراوی یونیسێف داوای ئاگربەستێکی حەوت رۆژی دەکات، بۆ ئەوەی لە دوو قۆناخدا ڤاکسینی ئیفلیجی جۆری 2 ناسراو بە cVDPV2 دابەشبکرێت. لە هەر قۆناخێکدا وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، بە هاوکاریی یونیسێف و تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاکسین دەگەیێننە 640 هەزار منداڵی خوار 10 ساڵ."
 
سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، لە کەرتی غەززە منداڵێکی تەمەن 10 مانگ تووشی ڤایرۆسی ئیفلیجی بووە.
 
پۆلیۆ یان ئیفلیجیی منداڵان، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و لە رێگەی ئاوی پیس، خۆراکی پیس یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی دەماری تووشبووەکە و چەند ئەندامێکی لەشی پەکدەخات و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی مردن. نەخۆشییەکە هیچ نیشانەیەکی پێشوەختەی بەرچاوی نییە و پێویستە هەموو منداڵێک لە تەمەنێکی زوودا ڤاکسین وەربگیرێت.
 
بەپێی CDC، ڤایرۆسەکە دوای ئەوەی دەچێتە نێو جەستە، لە رێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆئەندامی دەمار و لەناو دەمارەخانەکان زۆردەبێت، پاشانیش دەبێتە هۆی پەککەوتنی ماسوولکەکان و سەرەنجام کەسەکە تووشی ئیفلیجی دەبێت.
 
لێکەوتەکانی ئیفلیجی
 
- نەمانی کاردانەوەی ماسوولکەکان 
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- پەلەکانی جەستە تووشی فشەڵی دەبن و توانای جووڵەیان نامێنێ 
- نەمانی توانای قووتدان 
 
گرووپی مەترسیدار بۆ تووشبوون
 
- ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە
- هەژارنشینەکان
- منداڵانی خوار پێنج ساڵان
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی رزگارکردنی دەریاوانە ئێرانییەکە

هێزەکانی ئەمریکا دوو دەریاوانی ئێرانی رزگار دەکەن

بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ‌هێزی دەریاوانیی ئەمریکی کە لەسەر کەشتیی جەنگی فڕۆکەهەڵگری یو ئیس ئێس تیدۆر رۆزڤێڵت بوون و ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن بۆ چاودێریی دۆخەکە، دوو دەریاوانە ئێرانییەکەیان رزگار کردووە.