رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سەردانی رووسیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری دەرەوە لە چوارچێوەی سەردانی کاردا، رۆژی 31ـی ئاب بۆ یەکی ئەیلوول سەردانی رووسیا دەکات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی سەردانەکەدا راوێژ لەبارەی پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکان بکرێت و، بەتایبەتی لەبارەی بابەتەکانی رۆژەڤی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان.''
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە؛ هاکان فیدان لە رۆژانی 23 و 24ـی ئابی 2023 سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوولا کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشی بریتی بوون لە؛ پرسی نەوت، کێشەی کەمئاوی، بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی.
پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ
پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان کۆماری تورکیا و رووسیا، بۆ سەردەمی دوای جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو پەیوەندیی ئابووریش لەو نێوانەدا بەهێزبوون و ساڵانی دووهەزارەکانیش پەیوەندیی نزیکی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە-مۆسکۆ بە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی بەرپرسانی هەردوولا چووە قۆناخێکی دیکەوە. بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەبەرهێنانی دوولایەنەی هەردوو وڵات، بایی دەیان ملیار دۆلارە.
تورکیا و رووسیا پرۆژەی هاوبەشیان لە بواری وزەدا هەیە
یەکێک لە کەرتە هەرە گرنگەکان لە پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ، وزەیە. هەریەک لە پرۆژەکانی ئاککویو و بۆریی گازی سرووشتیی تورکیش ستریم بەرەوپێشچوونی گرنگیان لەو پەیوەندییانەدا تۆمار کردووە. پرۆژەی تورکیش ستریم رۆژی 8-1-2023 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرایەوە.
هاوئاهەنگی لە کەرتی گەشتیاری
رووسەکان بەردەوام سەرلیستی گەشتیارانی تورکیایان گرتووە و لە یەکەمینەکانن. ساڵی 2017، 4.7 ملیۆن رووس سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کرد. هەروەها ساڵی 2018 ژمارەکە بۆ 5.9 ملیۆن بەرزبووەوە و لە 2019ـدا 7 ملیۆنی تێپەڕاند. ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ژمارەی گەشتیارانی رووس لە تورکیا کەمبووەوە. 2020 تەنیا 4.5 ملیۆن رووس روویان لەو وڵاتە کرد. بەڵام ساڵی 2021 و دوای لادانی سنوورداری و قەدەخەکان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ژمارەی گەشتیارانی رووس دووبارە هەڵکشایەوە. تەنیا ساڵی 2021 تورکیا پێشوازیی لە 22 ملیۆن گەشتیاری رووس کرد، بەڵام ساڵی 2022 بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و لێکەوتە ئابووری و سیاسییەکانەوە، ژمارەی گەشتیارانی رووس لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 5.2 ملیۆن دابەزی.
پرۆفایلی هاکان فیدان
1968 لە ئەنقەرە لەدایکبووە
1986 قوتابخانەی هێزی وشکانیی تەواوکردووە
خێزاندارە
لە سەرۆکایەتی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە ئەڵمانیا ئەرکی پێدراوە
بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ماریڵاندی ئەمریکی تەواوکردووە
ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بیلکەنت لە ئەنقەرە تەواوکردووە
2001 کرایە راوێژکاری سیاسی و ئابووری لە باڵوێزخانەی ئوسترالیا لە ئەنقەرە
2003 کرایە سەرۆکی ئاژانسی هاوئاهەنگیی تورک - TIKA
2007 کرایە یاریدەدەری راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی تورکیا
2010 کرایە یاریدەدەری راوێژکاری هەواڵگریی نیشتمانی-MIT
13ی ئەیلولی 2011 بە ناوی دەوڵەت، لە ئۆسڵۆ لەگەڵ دوو گەورە بەرپرسی پەکەکە (سابری ئۆک و مستەفا کاراسو) کۆبووەوە
10ی ئاداری 2015 بووە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی میت
3ی حوزەیرانی 2023 بووە وەزیری دەرەوەی تورکیا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ