دوو رۆژنامەڤانی کەناڵی جەزیرە لە غەززە کوژران و کەناڵەکەش سەرکۆنەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، دوو رۆژنامەڤانی کەناڵی جەزیرەی قەتەری کوژران و کەناڵەکەش رایدەگەیێنێت، رۆژنامەڤانەکانی "بەشێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کراون".
 
رۆژی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئیسماعیل غول، رۆژنامەڤانی کەناڵی جەزیرەی عەرەبی و رامی رەفاعی کامێرامانەکەی لە کاتی رووماڵکردنی رووداوکانی کامپی شات لە غەززە لەلایەن هێزی داگیرکاری ئیسرائیلەوە کوژراون".
 
لە راگەیێندراوەکەی کەناڵی جەزیرەدا هاتووە، "لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە ئەو هێرشەی سەر رۆژنامەڤانەکان بەشێکە لە ستراتیژی بەئامانجگرتنی رۆژنامەڤانان و خێزانەکانیان."
 
لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، کەناڵی جەزیرە بەردەوام بەشێوەیەکی راستەوخۆ رووماڵی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کردووە.
 
کەناڵی جەزیرە رایگەیاندووە: "هەموو رێکارە یاساییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەگرینەبەر."
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی غەززە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەخنەکانی بۆ سەر کەناڵی جەزیرە دەستیپێکرد.
 
لە نیسانی ئەم ساڵ، پەرلەمانی ئیسرائیل 'نکنێست' پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە تێیدا رێگە بە حکومەتی وڵاتەکە دەدات ئەو دەزگا میدیایانەی قەدەخە بکات کە وەکو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل سەیر دەکرێن.
 
دوای پڕۆژەیاسایەکەش، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، دەمەوێت دەستەجێ بە گوێرەی یاسا نوێیەکە چالاکییەکانی کەناڵی جەزیرە بوەستێنێت. 
 
پێشتر چەندین جار شلۆمۆ کەراهی، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، "کەناڵی جەزیرەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" و "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ حەماس" تۆمەتبار کردووە.
 
بەرپرسانی کەناڵەکەش تۆمەتەکانی  ئیسرائیلیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "ئیسرائیل بە سیستماتیکی کارمەندانی کەناڵەکە" لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج. 
 
لە کانوونی یەکەمی رابردوو، سامر ئەبو دەقە، وێنەگری کەناڵی جەزیرە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژرا و وائیل دەحدوح، بەرپرسی کەناڵی جەزیرە لە کەرتەکە چەند ئەندامێکی خێزانەکەی بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژران و خۆیشی بریندار بوو.