حیزبوڵڵا کوشتنی یاریدەدەری ئەمیندارەکەی پشتڕاستدەکاتەوە

رووداو  دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کە یاریدەدەری حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حیزبەیە، پشتڕاستکردەوە و دەڵێت هەڵوێستی سیاسییان رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ئەمینداری حیزبەکەوە لە ناشتنیدا رادەگەیێندرێت.
 
حیزبوڵڵای لوبنانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کوشتنی فوئاد شوکر، لەلایەن ئیسرائیلەوە، بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سەرکردەی مەزنی جیهادی و خۆشەویست بەڕێز فوئاد شکور (سەید موحسین) بە شەهیدی گەورەی رێگەی قودس رادەگەیێنین، کە مقاوەمەتمان بە ناونیشانی پابەندبوونی یەکلاییکەرەوەی بە بەردەوامیی جیهاد تاوەکو رزگارکردنی خاک و پیرۆزییەکان و مرۆڤ لە ستەمکاری و وەحشیگەرای ئەو قەوارە داگیرکار و بکوژ و تاوانبارە پێشکێشکرد."
 
حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت فوئاد شکور "شەهیدبوونی" پێش چەند رۆژێک لە شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن دێت و ئەوەش رژدبوونیان لە رەتکردنەوەی ستەمکاری دێت، جگە لە گەیاندنی پرسە و سەرخۆشی بۆ خانەوادەکەی، دەڵێت "هەڵوێستی سیاسیمان لەبارەی ئەو دەستدرێژییە خراپەکاری و تاوانە گەورەیە رۆژی پێنجشەممە، لەلایەن حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزب لە رێوڕەسمی ناشتنی شەهید دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فەرماندەیەک لە بەیرووت کە بەرپرسی کوشتنی منداڵانی مەجدەل شەمس بووە لە بەرزاییەکانی گۆلان و بەرپرسیش بوو لە کوژرانی چەندین هاووڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی". 
 
دواتر دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو فەرماندەیەی کراوەتە ئامانج ناوی فوئاد شوکرە کە کەسێکی نزیک لە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بوو.
 
رۆژی شەممە 27-07-2024 مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی "درووزنشین" لەنزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران.