بنیامین نەتەنیاهوو: کۆتایی بە حەماس دەهێنین

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوای هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر بەیرووت، ئاستی مەترسییەکان زیادیان کردووە و بۆ هەموو ئەگەرێکیش ئامادەن. دەشڵێت، لە شەڕکردن دژی حەماس بەردەوام دەبن و کۆتاییان پێدەهێنن. 
 
رۆژی چوارشەممە (31ـی تەممووزی 2024) بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند، رۆژانی سەختیان لەبەردەمە، بەڵام  بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن. گوتیشی، "ژێرخانی شەڕانگێزیی لەنێو دەبەین و هەموو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، لەنێودەبەین."
 
بەشێکی دیکەی گوتەکانی نەتەنیاهوو تایبەت بوون بە بەرەوپێشچوون و دەستکەوتەکانیان کە گوتی "لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە من ئەو پەیامەم گەیاندووە؛ ئێمە لە خەباتداین دژی بەرەی خراپەکاریی ئێران. ئەمە جەنگی مانە لە دژی سوپاکانی تیرۆر و ئەو مووشەکانەی ئێران دەیەوێت لە ملمان گیریان بکات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە کۆنگرێس (ـی ئەمریکا) چەند رۆژێک پێش ئێستا باسم لە سێ لقی سەرەکیی ئەو بەرە خراپەکارە کرد: حەماس، حووسییەکان و حیزبوڵڵا." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای هێرشەکەی سەر بەیرووت، مەترسییەکان لە هەموو لایەکەوە زیادیان کردووە." بەڵێنی دا بە یەکگرتوویی و وریاییەوە رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان ببنەوە. جەختی لەوەش کردەوە، "نابێت حەماس لە غەززە بمێنێت."
 
ئێوارەی دوێنێ، ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە فوئاد شوکر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کوژرا. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای پشوودرێژیی لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، جەنگەکە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دابوو بۆ کۆتاییپێهێنانی، بەڵام ئەو گوێی پێنەداون و هەموو سەرکەوتنەکانیش بەهۆی ئەو گوێپێنەدانەوە بوون. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ژمارەیەک کۆمەڵگەی جوونشین لە باشووری وڵاتەکە دەستیپێکرد. دواتر حیزبوڵڵاش لە شەڕەکە تێوەگلا.
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە زیاتر لە 350ـیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە 18 سەرباز بوون.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە