کاردانەوەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەچن.

31-07-2024

20:25

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی هەنییە: پێشهاتێکی مەترسیدارە

لۆگۆی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسەوە دەڵێت، سه‌ركۆنەی رووداوەکە‌ ده‌كه‌ن و "به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين." 
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج، لەبارەی هێرشەکەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکردووە، ئەو رووداوە دۆخی ناوچەکە "ئاڵۆزتر" و "هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری"ـی ناوچەکە دەکات.
 
"به‌ئامانجگرتنى ئيسماعيل هه‌نييه‌، سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس كه‌ به‌ ميوانى له‌ تاران بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
راگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ 
 
 
به‌ئامانجگرتنى ئيسماعيل هه‌نييه‌ سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس كه‌ به‌ ميوانى له‌ تاران بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين. 
 
ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه ده‌كات و لێكه‌وته‌ و پێشهاتى خراپترى به‌دوادا دێت. 
 
 
سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان
2024/7/31

زیاتر بخوێنەوە

19:52

حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بەرپرسیاریێتیی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی جێبەجێ بکات

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کوشتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند "لە رەفتارێکی تاوانکارانەی دیکەدا، قەوارەی زایۆنی دوژمنکارییەکی دیکەی کرد بە کردنە ئامانجی تارانی پایتەختی ئێران و بووە هۆی شەهیدکردنی بەڕێز ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراقدا هاتووە "قەوارەی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر سەروەریی وڵاتان و سووکایەتیکردن بە یاساکانی نێودەوڵەتی تێیپەڕاندووە، ئەوەش لەرێگەی چەندین تاوانی تیرۆر و کردنە ئامانجی کەسایەتیی سیاسیی و هەوڵدان بۆ گەورەکردنی قەیران و فراوانکردنی ناکۆکییەکانەوە کە بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی مەترسیداری لە ناوچەکە دەبێت."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات حکومەتی عێراق پێشتر هۆشداریی لەو "رەفتارە دوژمنکارانە"یەی ئیسرائیل داوە و دەڵێت: "لە زیاتر لە بۆنەیەکدا داوای هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی تووندمان لەلایەن دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستەکانی نێونەتەوەیی کردووە، جگە لە وڵاتانی گەورە، بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی زایۆنی کە یاری بە سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی گەلانی دەکات، هۆکارەکانی شڵەژانیش بڵاودەکاتەوە."
 
باسم عەوادی دەشڵێت، ئیسرائیل "شەڕی قڕکردنی لە دژی گەلی فەلەستینی خۆڕاگر بەرپاکردووە و سەرجەم پێوەرە ئەخلاقی و مرۆییەکانی تێپەڕاندووە."
 
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیاریێتی و ئەرکەکانی خۆی بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی" جێبەجێ بکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:34

لەدوای کوژرانی هەنییە ئاگربەست لە غەززە رادەگەیێندرێت؟

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر
رووداو دیجیتاڵ 

سەرەرای کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران، هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامن. 
 
رۆژی چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبووەوە سەبارەت بە درێژەدان بە گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە. 
 
دوێنی لە ژووری پشوودانەکەی لە هۆتێلێکی تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کرایە ئامانج و کوژرا، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "بۆ هەموو لایەک گرنگە ئاگربەست لە غەززە بکرێت."
 
بەرپرسانی قەتەر پێیانوایە، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەست لە قەتەر دەکاتە مەترسییەوە. 
 
لەدوای رووداوی کوشتنەکە ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاندبوو کە ئەوان ئاگاداری هێرشەکە و کوشتنی هەنییە نەبوون.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:10

گوتەبێژی حەماس زانیاری لەسەر کوژرانی هەنییە باس دەکات

گوتەبێژی حەماس زانیاری لەسەر کوژرانی هەنییە باس دەکات
 
خەلیل یەحیا، گوتەبێژی حەماس رایدەگەیێنێت، ئیسماعیل هەنییە لەنێو ژوورەکەیدا راستەوخۆ بە مووشەک کراوەتە ئامانج. دەشڵێت، باڵی چەکداریی بزووتنەوەکە ناهێڵن کوژرانی بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕێت. 
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پایتەختی ئێران، یەحیا گوتی، ئیسرائیل باجی "ئەو تاوانە قێزەونە" دەدات. 
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنی هەنییە رانەگەیاندووە.
 
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو کە هەنییە لە شوێنی مانەوەی لە باکووری تاران کراوەتە ئامانج، بەڵام روون نەبوو چ جۆرە مووشەکێک و چۆن کراوەتە ئامانج. 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:54

ئەگەری هەیە کێ شوێنی هەنییە بگرێتەوە؟

ئەگەری هەیە کێ شوێنی هەنییە بگرێتەوە؟
ئەگەری هەیە کێ شوێنی هەنییە بگرێتەوە؟
 
پرۆسەی جێگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە دەکرێت زۆر جەنجاڵ بێت و بە ئاسانی بڕیاری لێ نەدرێت، لەوانەشە رێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی کەسێکی تووندڕۆتر جێگەی بگرێتەوە.
 
یەکێک لەو کەسانەی ناوی دەهێندرێت یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماسە لە غەززە. باوەڕ وایە ئەو لەپشت و پلانداڕێژەری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بێت بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
هەروەها دوو کەسی دیکە هەن کە دەکرێت شوێنی هەنییە بگرنەوە، لەوانە: خالید مەشعەل و زاهیر جەبارین. 
 
خالید مەشعەل: وەکو کەسێکی کەمتر تووندڕەو دەبیندرێت و لەوانەیە کەمپەینێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی هەنییە دەستپێبکات. لە پێش هەنییەش، مەشعەل سەرۆکایەتیی حەماسی کردووە، بەڵام هەمیشە پەیوەندییەکی جیاوازی هەبووە لەگەڵ ئێران. 
 
زاهیر جەبارین: بەرپرسە لە مەلەفی زیندانییە فەڵەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل. ئەگەر ئەو ببێتە شوێنگرەوە، دەکرێت رۆڵێکی باش ببینێت لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و لەنێوان حەماس و ئیسرائیل. 
 
هەر سێ کەسەکە، پۆستی جێگری هەنییەیان هەیە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:49

کوژرانی هەنییە بەهای تمەن و دیناری دابەزاند

کوژرانی هەنییە بەهای تمەن و دیناری دابەزاند
بەهۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 6 ملیۆن تمەن، هەروەها نزیکەی نزیکەی 149 هەزار و 500 دینار.
 
ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا یەک دۆلار بە حەواڵە بە 60 هەزار و 400 تمەن بووە. ئێستا بە 60 هەزار تمەنە. بە شێوەی کاشیش یەک دۆلار [نەقد] بە 59 هەزار تمەنە.
 
واتە، بەشێوەی حەواڵە 100 دۆلار ئێستا بە 6 ملیۆن تمەنە و بە کاشیش 5 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە.
 
لە بازاڕەکانی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش تمەن 1.3٪ـی نرخەکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدا؛ یەک دۆلار بە 60 هەزار و 480 تمەنە.
 
دوێنێ (سێشەممە) لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر دۆلارێک بە کەمتر لە 59 هەزار تمەن بوو.
 
بەهای دینار دابەزی
 
هاوشێوەی بەهای تمەن، کوژرانی هەنییە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دیناریش داناوە.
 
بەگوتەی ئەحمەد حاجی سابیر، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر بە 149 هەزار و 200 دینار بووە. کاژێر [16:17 خولەک]، 100 دۆلار بەرامبەرە بە 149 هەزار و 550 دینار.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:07

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: بەدوای شەڕدا ناگەڕێین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: بەدوای شەڕدا ناگەڕێین
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، بەدوای شەڕدا ناگەڕێن، بەڵام ئامادەشن بۆ هەموو ئەگەرێک. 
 
یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاردانەوەکانی هێرشەکانیان لە بەیرووت بۆ سەر بەرپرسانی حیزبوڵڵا ئەو قسانەی کرد. دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەومان لە بەیرووت پرۆفێشناڵانە و ورد بوو. ئێمە بە دوای شەڕەوە نین، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین."
 
گالانت لەکاتی سەردانیکردنی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل قسەی بۆ سەربازان کرد، پێی گوتن، "بۆیە دەبێت بەپێی ئەوەی کە هەیە خۆتان ئامادە بکەن. ئێمە لە بەرزترین ئاست کارەکانمان دەکەین."

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:10

ئەمریکا: ئاگاداری کوشتنی هەنییە نەبووین

ئەمریکا: ئاگاداری کوشتنی هەنییە نەبووین
 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئاگاداری کوشتنی هەنییە نەبووین و ئەوە رووداوێک نییە کە دەستمان تێیدا هەبووبێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

14:07

عەلی باپیر لەبارەی کوژرانی هەنییە: ئێران بەرپرسیارییەتێکی گەورەی کەوتە سەرشان

عەلی باپیر لەبارەی کوژرانی هەنییە: ئێران بەرپرسیارییەتێکی گەورەی کەوتە سەرشان
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەخۆشی لە خەڵکی فەلەستین و کەسوکاری ئیسماعیل هەنییە دەکات و دەڵێت، "لە خوای میهرەبان داواكارین پلەی بەرزی شەهیدیی پێدابێت."
 
عەلی باپیر دەڵێت، هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ شتێکی لەبارەی کوژرانی هەنییە باس نەکردووە. 
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوە دەکات، "ئێرانیش بەرپرسیارێتییەکی گەورەی کەوتە سەرشان کە بەو شێوە قێزەونە میوانێكی گەورە و گرنگی وەك هەنییە لە ماڵەكەیدا بكوژرێ، بۆیە چاوەڕوانیی دەكرێ ئێران وەڵامێكی پڕ بە پێستی هەبێت."
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پێی وایە، "ئەو جۆرە پەلامار و پەلەقاژانەی قەوارەی زایۆنیی لینگەفرتەی كۆتایین و، ئێستا بە خێرایی بەرەو مەرگ و لێك هەڵوەشان دەچێ و، سەرەنجامییش تێکڕای ئەو دەوڵەت و حیزب و رێکخراوو کەسایەتییانەی هاوسۆز و هاوکاری فەڵەستینییەکان بوون، سەربەرزی دنیا و قیامەت دەبن. ئەوانەش کە بێ هەست و هەڵوێست بوون، یان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاویان بە ئاشی قەوارەی زایۆنیی دا کردوەو دەکەن، عەیبداریی و شەرمەزاریی دنیاو قیامەتیان بۆ دەمێنێتەوە."
 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:47

شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی هەنییە ئاشکرا بوو

شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی هەنییە ئاشکرا بوو
 
حەماس دەڵێت، تەرمی ئیسماعیل هەنییە رۆژی هەینی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە خاک دەسپێردرێت.
 
لە رۆژی پێنجشەممە پرسەکەی هەنییە لە تاران دەبێت کە ئەو وڵاتە سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی بۆ راگەیاندووە، پاشان تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ دەوحە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی حەماس بێت، خەڵکی گشتی، سەرکردە عەرەب و ئیسلامییەکان بەشداری لە پرسەکەیدا دەکەن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:03

ئەو پرسیارانەی لەبارەی کوژرانی هەنییە وەڵام نەدراونەتەوە

ئەو پرسیارانەی لەبارەی کوژرانی هەنییە وەڵام نەدراونەتەوە
 
چەندین پرسیار هەن لەسەر رووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کە تاوەکو ئێستا وەڵامێکی روونیان نییە، لەوانە: چۆن کوژرا و چۆن رووداوەکە لەسەر خاکی ئێران روویدا. 
 
ئەوەی تاوەکو ئێستا دەزانین ئەوەیە کە میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، لە شوێنی مانەوەی لە باکووری وڵاتەکە بە مووشەک کوژراوە، بەڵام جۆری مووشەکەکە و شوێنی دیاریکراوی رووداوەکە نەزاندراوە. 
 
تاوەکو ئێستا نازانین کە ئەو مووشەکەی ئێران باسی دەکات لە فڕۆکەوە تەقێندراوە، بە درۆن هاوێژراوە یان درۆنی بۆمبڕێژکراو بووە، یان ئەوەی گولـلەیەک بووە و کەسێک لەسەر زەوییەوە تەقاندوویەتی. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ وێنەیەکی شوێنی رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە، نە لە میدیای ئێران نە گرووپەکانی سۆشیاڵمیدیای نزیک لە حەماس. 
 
زیاتر بخوێنەوە

12:49

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو: ناوچەکە لەسەر بەرمیلێک بارووتە

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو: ناوچەکە لەسەر بەرمیلێک بارووتە
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو: ناوچەکە لەسەر بەرمیلێک بارووتە
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەبارەی رووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەڵێت، ناوچەکە لەسەر بەرمیلێک بارووتە، بەڵام بە کارێکی قورسی دەزانێت کە ئێستا شەڕێک هەڵبگیرسێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات کە چۆن کوشتنی هەنییە پەیامە بۆ ئێران، چین و تورکیا. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:53

پەیامێک لە عەلی خامنەییەوە لەبارەی کوژرانی هەنییە

پەیامێک لە عەلی خامنەییەوە لەبارەی کوژرانی هەنییە

 

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، رایگەیاند، "رژێمی زایۆنیی تاوانبار و تیرۆریست بەم کارە زەمینەی بۆ سزایەکی تووندی دژی خۆی ئامادە کرد."

 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی بە "رێبەری ئازا و موجاهیدی دیاری فەلەستینی" ناوبرد و رایگەیاند، بە کوژرانی "بەرەی گەورەی مقاوەمە تووشی ماتەمینی بوو."
 
خامنەیی، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "رژێمی زایۆنیی تاوانبار و تیرۆریست میوانی ئازیزمانی لە ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و دڵتەنگی کردین، بەڵام زەمینەی بۆ سزایەکی تووندی دژی خۆی ئامادە کرد."
 
خامنەیی دەڵێت، "شەهید هەنییە ساڵانێکی زۆر لە مەیدانی خەباتی شەرەفمەندانەدا گیانبازی بە گیانە بە نرخەکەی کرد و ئامادەی شەهیدبوون بوو، لەو رێگەیەدا منداڵ و کەسوکاریشی قوربانی کردبوو. ئەو لە شەهیدبوون لە رێگەی خودا و رزگارکردنی بەندەکانی خودا نەدەترسا، بەڵام ئێمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین لەم رووداوە تاڵ و سەختەدا کە لە خاکی کۆماری ئیسلامی روویداوە، بە دوای تۆڵەکردنەوەی خوێنی ئەودا بگەڕێین."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:38

کەتیبەکانی قەسام: کوشتنی هەنییە شەڕەکە دەباتە قۆناخێکی نوێوە

 
باڵی چەکداریی حەماس کە بە کەتیبەکانی عیزەدین قەسام ناسراون دەڵێن، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە شەڕەکە دەباتە قۆناخێکی نوێوە و هۆشداریش دەدات کە "کاریگەرییەکی گەورەی" لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت. 
 
شەڕکەرانی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام ئێستا لە غەززە دژی سوپای ئیسرائیل شەڕ دەکەن. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:52

تورکیا: نەتەنیاهوو ئاشتیی ناوێت

تورکیا: نەتەنیاهوو ئاشتیی ناوێت
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل ویستی ئاشتی نییە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 31-07-2024 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لە هێرشێکی چەپەڵانەدا سەرکۆنە دەکەین."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرەخۆشیی لە خەڵکی فەلەستین کردووە و دەڵێت، "ئەوان لەپێناوی ئەوەی لە ماڵ و نیشتمانیان و لە ژێر بنمیچی دەوڵەتیاندا بە ئارامی بژین، سەتان هەزار شەهیدی وەکو هەنییەیان داوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نیشانیدایەوە کە ویستی ئاشتی نییە.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

10:11

کاردانەوەی قەتەر لەسەر کوژرانی هەنییە

کاردانەوەی قەتەر لەسەر کوژرانی هەنییە
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە "تاوانێکی" "ناشرین و هەڵکشانێکی مەترسیدار" ناودەبات. 
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو کوشتنە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سڤیلی غەززە وا دەکات ناوچەکە بکەوێتە نێو ئاژاوەوە. 
 
قەتەر رێگەی بە سەرکردەکانی حەماس داوە لە وڵاتەکە بمێننەوە لەنێویاندا ئیسماعیل هەنییە. هەروەها رێکخراوەکەش نووسینگەی لەو وڵاتە هەیە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:06

پرسەی ئیسماعیل هەنییە لە کوێ دەبێت؟

پرسەی ئیسماعیل هەنییە لە کوێ دەبێت؟
 
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، پرسەی ئیسماعیل هەنییە لە تاران بەڕێوەدەچێت. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:01

حووسییەکانی یەمەن: کوشتنی هەنییە تیرۆریستانەیە

حووسییەکانی یەمەن: کوشتنی هەنییە تیرۆریستانەیە
 
حووسییەکانی یەمەن لە کاردانەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دا دەڵێن، کوشتنەکە "تاوانێکی قێزەونی تیرۆریستانەیە."
 
محەممەد عەلی حووسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان لە تویتەر نووسیویەتی: "بەئامانجگرتنی هەنییە تاوانێکی قێزەونی تیرۆریستییە و پێشێلکردنی یاسا و بەها باڵاکانە."
 
حووسییەکانی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

09:37

یەکەم کاردانەوە لە عێراقەوە لەبارەی کوژرانی هەنییە

 
سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى لە عێراق، لەبارەى کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماس داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد رێگە لە ئیسرائیل بگرن.
 
ئەوە یەکەم کاردانەوە بوو لە عێراقەوە لەبارەى کوژرانى ئیسماعیل هەنییە کە 31ى تەممووز لە هێرشێکى درۆنى ئیسرائیلی لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامیی ئێران کوژرا.
 
عەمار حەکیم گوتى: "هاوبەشى خەمى گەلى فەڵەستینم بەهۆی شەهیدبوونى ئیسماعیل هەنییە کە ئیسرائیل تیرۆرى کرد".
 
سەرۆکى رەوتى حیکمە ئاماژەى بەوەدا ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەى ئیسرائیل رێگر نابێت لە بەردەوامیی رێگەى سەرکەوتن لە پرسێکى دادوەرانە.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:27

چەند زانیارییەک لەبارەی وێستگەکانی ژیانی هەنییە

وێنەیەکی ئیسماعیل هەنییە لە 2020.
 
- سیاسەتڤانێکی فەڵەستینی بوو
- ساڵی 1963 لە کامپی شاتیئـ لە باکووری کەرتی غەززە لەدایکبوو
- ساڵی 1987 بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە وەرگرت 
- ساڵی 2006 بووە سەرۆکوەزیرانی فەلەستین، دوای ئەوەی حەماس لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەلەستین 44.5٪ی دەنگەکانی بردەوە و بزووتنەوەی فەتح 41.4٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا 
- 14ی حوزەیرانی 2007 مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ئیسماعیل هەنییەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە
- ئیسماعیل هەنییە لە 2006 تاوەکو شوباتی 2017 سەرۆکی حەماس بوو لە کەرتی غەززە
- 6-5-2017 بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژێردرا و ئیدی لە قەتەر نیشتەجێبوو
- 31-7-2024 لە تاران کوژرا 
- باوکی 10 منداڵە
- لەم جەنگەی ئیسرائیل و حەماسدا 14 ئەندامی خێزانەکەی کوژراون، لەوانەش سێ کوڕی لە 10ی نیسانی 2024
 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:19

رووسیا: کوشتنی هەنییە هەڵەیە

رووسیا: کوشتنی هەنییە هەڵەیە
 
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاردانەوەی هەواڵی کوژرانی هەنییە رایگەیاند، "ئەمە کارێکی زۆر هەڵەیە.. ئەمە بەتەواوی تیرۆرێکی سیاسیی قبووڵنەکراوە و وادەکات کە گرژییەکان زیاتر پەرەبسێنن."

 

زیاتر بخوێنەوە

09:17

ئاژانسی فارس نیوز: هەنییە لە باکووری تاران کوژراوە

ئاژانسی فارس نیوز: هەنییە لە باکووری تاران کوژراوە
 
ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران لەبارەی وردەکاریی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دەڵێت، نزیکەی کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان "تیرۆر کراوە."
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. وەکو میدیاکەی پاسداران دەڵێت، لە یەکێک لەو شوێنانەی تایبەتە بە بریندارانی شەڕ لە باکووری تاران دەمایەوە، بەهۆی بەئامانجگرتنی بە مووشەکێک لە ئاسمانەوە کوژرا.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:11

ئۆستن: دەکرێت رێگە لە شەڕێکی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێت

ئۆستن: دەکرێت رێگە لە شەڕێکی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێت
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاردانەوەی کوژرانی هەنییە رایگەیاند، باوەڕی وایە کە شەڕێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارێکی رێگەلێگیراوە و، "هەمیشە رێگە هەیە بۆ دیپلۆماسی."
 
ئۆستن لەبارەی کوژرانی هەنییە هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو و گوتی، کە زانیاریی زیاتری نییە لەسەر ئەو رووداوە. 
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، ئۆستن ئەوەشی گوت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، بێگومان بەرگری لێ دەکەن. 
 

زیاتر بخوێنەوە

08:42

دوای کوژرانی هەنییە نرخی نەوت و زێڕ بەرزبوونەوە

 
بازاڕە داراییەکانی جیهان کاردانەوەی بەپەلەیان پێشانداوە بە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت؛ هەروەها کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، نرخی زێڕ بەرزبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2400 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 2415 دۆلار.
 
هاوکات نرخی نەوتی برێنت 39 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلارو 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 52 سەنت بەرزبووەوە بە 75 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی برێنت دابەزیبوو بۆ 78 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 75 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا کە کەمترین ئاستییەتی لە ماوەی حەوت هەفتەی رابردوودا.
 
بەو پێیەش بە تەنیا لە رۆژی سێشەممە نرخی نەوت 1.4%ی بەهای خۆی لەدەستدا.

 

زیاتر بخوێنەوە

08:36

لەسەر کوژرانی هەنییە چی دەزانین و چی نازانین؟

لەسەر کوژرانی هەنییە چی دەزانین و چی نازانین؟
 
ئەوەی دەزانین
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ پاسەوانەکەیدا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران کوژرا. ئەمە دوای ئەوەبوو کە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پزیشکیان لەو وڵاتە بوو. 
 
ئەوەی نازانین: 
 
- کەی و چۆن رووداوەکە روویداوە. حەماس تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی کات و شێوازی کوژرانی هەنییە بڵاو نەکردووەتەوە. 
 
- کێ بەرپرسە؟ تاوەکو ئێستا نازانین بە دروستی کێ لە پشت کوژرانی هەنییەوە بووە، بەڵام گومانەکان بۆ ئیسرائیل دەچن و حەماس دەڵێت، ئیسرائیل بووە. لەلای خۆیەوە ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە قسە لەسەر ئەو رووداوە بکات. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:30

ڤیدیۆ.. دوایین دەرکەوتنی هەنییە لە ئێران

ڤیدیۆ.. دوایین دەرکەوتنی هەنییە لە ئێران
ڤیدیۆ.. دوایین دەرکەوتنی هەنییە لە ئێران
 
ئیسماعیل هەنییە کە ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی غەززە دەژی، دوێنێ بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. لەم ڤیدیۆیەدا کە لە هۆڵی رێوڕەسمەکەیە، دەردەکەوێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەبینێت، پاشان باوەش بە پزیشکیان دا دەکات و پیرۆزبایی لێ دەکات.
 
هەروەها چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە هۆڵەکەدا کەوت. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:24

کوژرانی هەنییە هێرشەکانی حەماس زیاد دەکات

 
کێن شۆکلی، دیپلۆمات و شرۆڤەکاری سەربازیی ئەمریکی بە رووداوی گوت، دوای کوژرانی هەنییە حەماس هێرشەکانی زیاد دەکات و هەموو توانای خۆی بۆ زیان گەیاندن بە ئیسرائیل دەخاتەڕوو. 
 
هەروەها گوتی، رەنگە هێرشی مووشەکیی حیزبوڵڵاش بۆسەر ئیسرائیل ببینین. 
 
شۆکلی هەروەها باوەڕی وایە دوای وەڵامدانەوەیەکی حەماس و ئێران بۆ هێرشەکە، دانوستاندن لەسەر ئەو پرسە و ئاگربەست دەستپێدەکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:01

سەرۆکی فەڵەستین: کوژرانی هەنییە پێشهاتێکی مەترسیدارە

سەرۆکی فەڵەستین: کوژرانی هەنییە پێشهاتێکی مەترسیدارە
 
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین سەرکۆنەی کوشتنی هەنییە لە تاران دەکات و کارەکە بە "ترسنۆکانە و پێشهاتێکی مەترسیدار ناودەبات."
 
عەباس لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە داوای لە فەڵەستینییەکان کرد کە "یەکبگرن و دان بەخۆیاندا بگرن بەرامبەر داگیرکاریی ئیسرائیل."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:12

کاردانەوەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە

ئیسماعیل هەنییە.

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەچن. 
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. تائێستا سوپای پاسداران و حەماسیش هیچ وردەکارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی کوشتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
سوپای پاسداران دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن. 
 
لەم لایڤ بلۆگەدا تەواوی کاردانەوەکانتان بۆ دەخەینەڕوو. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە