ئیسماعیل هەنییە لە ئێران کوژرا

دوێنێ کاژێر 06:35
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژراوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەچن. 
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کوشتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
سوپای پاسداران دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن. 
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل دا کوژراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێرانی کردووە.
 
 
لە هێرشەکەدا پاسەوانێکی تایبەتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیش کوژراوە. 
 
هێشتا سوپای ئیسرائیل بە فەرمی هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکە نەبووە.
 
بەرپرسێکی باڵای حەماس بەڵێنی ئەوە دەدات کە تۆڵەی هەنییە دەکەنەوە و دەڵێت، "ئەو کردەوە ترسنۆکانەیە بەبێ تۆڵەکردنەوە تێناپەڕێت."
 
هەرچەندە حەماس دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی "زایۆنییەکان" دا هەنییە کوژراوە، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی هیچ شتێکی لەبارەی ئەو رووداوەوە نەگوتووە، بەڵام لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل سوێندی خواردبوو کە "حەماس تێکدەشکێنێت."
 
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵیشدا، سێ کوڕی هەنییە و چوار نەوەی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژران. 
 
ئیسماعیل هەنییە کێیە؟
 
ئیسماعیل هەنییە وەکو سەرکردەی گشتیی حەماس سەیری دەکرێت و لە ساڵی 1980وە سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەکە بووە. 
 
بۆ ماوەیەکی کەم لە ساڵی 2006 وەکو سەرۆکوەزیرانی فەلەستین دیاریکرا، بەڵام دوای ساڵێک لە کار لابرا کاتێک شەڕی حەماس و فەتح بە تێکشکانی فەتح کۆتاییهات. 
 
لە ساڵی 2017 وەکو سەرۆکی بیرۆی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا و لە ساڵی 2018 ئەمریکا خستییە نێو لیستی تیرۆرەوە. 
 
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە قەتەر دەژیا. 
 
بە گوتەی دوو بەرپرسی ئێرانی، ئێران کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە شوێنی رێبەری باڵای وڵاتەکە راگەیاندووە، کە ئەوەش تەنیا لە دۆخە زۆر لە ناکاوەکاندا روودەدات. 

بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەشدارە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسماعیل هەنییە.

کاردانەوەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەچن.