ئێف بی ئای: ئەوەی لە بەندەری بەیرووت تەقییەوە، تەنیا بەشێکی کەمی تەقەمەنییەکە بوو

31-07-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن بەیرووت تەقینەوەی بەیرووت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا - ئێف بی ئای دەڵێت، ئەوەی لە ساڵی رابردوو لە بەندەری بەیرووت تەقییەوە، تەنیا یەک لەسەر پێنجی ئەو بارە تەقەمەنییە بووە کە لە ساڵی 2013 لەو بەندەرە دانرابوو، ئەوەش گومانی لەبارەی ونبوونی بەشەکەی دیکە دروستکردووە. 
 
لە کاتێکدا کە ساڵیادی یەکەمی تەقینەوەی بەندەرەکە نزیکدەبێتەوە، کە 4ی ئابە، ژمارەیەک پرسیاری گەورەی بێ وەڵام ماونەتەوە، لە نێویشیاندا ئەوەی کە چۆن بڕێکی زۆری نیتراتی ئەمۆنیۆم کە دەکرێت لە دروستکردنی پەیینی کشتوکاڵی یان بۆمبدا بەکاربهێندرێت، بۆ چەندین ساڵ بێ هەلومەرجی سەلامەتی، لە پایتەختی وڵاتێکدا هێڵدرایەوە.
 
تەقینەوەکە یەکێک بوو لە تەقینەوە هەرە گەورە نائەتۆمییەکان کە بە درێژایی مێژوو تۆمارکرابێت و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی بەشێکی بەرچاوی بەیرووت. 
 
راپۆرتەکە پێشانیدەدات، نزیکەی 552 تۆنی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەو رۆژەدا تەقیوەتەوە، کە زۆر کەمترە لەو 2 هەزار و 754 تۆنەی لە ساڵی 2013 بە کەشتییەکی رووسی گەیێندرابووە بەندەرەکە. 
 
راپۆرتەکەی ئێف بی ئای ئاشکرای نەکردووە کە هۆکاری دیارنەمانی بەشەکەی دیکەی ماددە کیماییەکە چییە یان بۆ کوێ بردراوە. 
بەرپرسێکی باڵای لوبنان لەوبارەوە قسەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ ئێف بی ئای هاوڕان لەسەر بڕی ئەو ماددەیەی کە تەقیوەتەوە. 
 
بڕیار بوو نیتراتی ئەمۆنیۆمەکە لە جۆرجیاوە بە کەشتییەکی رووسی ببردرێت بۆ مۆزەمبیق، بەڵام کاپتنی کەشتیەکە رێنوێنی پێ گەیشتبوو کە بچێتە بەیرووت و هەندێ شمەکی دیکە لەگەڵ خۆی باربکات، بەڵام دوای ئەوەی کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2013 گەیشتە ئەو شوێنە، بەهۆی چەند کێشەیەکی یاساییەوە لەوێ گیری خوارد و هەرگیز نەیتوانی بەندەرەکە بەجێبهێڵێت. 
 
بەرپرسە باڵاکەی لوبنان ئاماژەی بەوە داوە، هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە نییە پێشانیبدات بۆچی ئەو بڕە ماددەیەی کە تەقیوەتەوە کەمترە لە بارە نێردراوەکە. 
 
یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە بەشە زۆرەکەی دزرابێت. یەکێکی دیکەیان ئەوەیە کە لەگەڵ تەقینەوەی بەشێکی ماددەکە، ئەوەی دیکەیان دەرپەڕیوەتە نێو دەریاکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە