سەرۆکی ئەمریکا: ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە هەیە

31-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئیسرائیل پێشنیازێکی تێروتەسەلی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە هەیە و "پێویستە حەماس پەسندی بکات". بە گوتەی بایدن، پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت و هەریەک لە راگرتنی جەنگ، ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو، کشانەوەی ئیسرائیل و بنیاتنانەوەی غەززە لەخۆدەگرێت.
 
رۆژی هەینی 31-05-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، "ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێ و تێروتەسەلی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە کردووە. ئەمە دەرفەتێکە بۆئەوەی حەماس بیسەلمێنێت کە ئاگربەستی دەوێت."
 
لەکاتی روونکردنەوەی هێڵە گشتییەکانی ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل، کە بە گوتەی بایدن لە رێگەی قەتەرەوە بۆ حەماس نێردراوە، گوتیشی، "پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە و تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە."
 
هەر لە قۆناخی یەکەمی ئەو پێشنیازە، هەروەک بایدن رایگەیاند، ئەو بارمتانە ئازاد دەکرێن کە ژن، بەساڵاچوون و بریندارن؛ بارمتەکان لەگەڵ سەتان بەندکراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
 
سەرۆکە 81 ساڵییەکە گوتیشی، "لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەی قۆناخی یەکەم، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت."
 
بایدن داوای لە حەماس کرد پێشنیازەکە پەسند بکات، بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی، "ئێستا کاتی ئەوەیە جەنگەکە بوەستێت. ئەگەر حەماس پابەندیی خۆی بپارێزێت، ئاگربەستە کاتییەکە دەبێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی."
 
ئەوەی لەبارەی دوو قۆناخەکەی دیکەی پێشنیازەکەیە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "لە قۆناخی دووەم ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیش، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت."
 
ئەوەی لەبارەی حەماسە، بایدن گوتی، "ئێستا حەماس توانای دووبارەکردنەوەی هێرشێکی هاوشێوەی 7ی ئۆکتۆبەری نییە و ئیسرائیلیش دەیەوێت دڵنیابێتەوە بەرژەوەندییەکانی پارێزراون."
 
راگەیێندراوەکەی بایدن دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هەینی، حەماس رایگەیاند، ئەوان تەنیا بە "پێشنیازێکی تێروتەسەل" رازی دەبن کە ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو لەخۆبگرێت و ئیسرائیل هێرشەکان بوەستێنێت.
 
ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی، "کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل و ئاگربەستی هەمیشەیی داواکاریی سەرەکین و دانوستاندنیان لەسەر ناکرێت."
 
تاوەکو ئێستا چەندین جار هەوڵی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دراوە، بەڵام دوو لایەنەکە تەنیا لە 24-11-2023 توانیان رێکبکەون. لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2024 بە ‌هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و نزیکەی هەشت مانگە بەردەوامە. بەگوێرەی داتا فەرمییەکان ئیسرائیل، هەزار و 170 کەس لە هێرشەکەی حەماسدا کوژران و 252 کەسیش بە بارمتە گیران. تەندروستیی غەززەش دەڵێت، تا ئێستا 36 هەزار و 284 کەس کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە