رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە کاتی جەنگدا سیخوڕیان بۆ ئێران کردووە و زانیاری سەربازییان بەو وڵاتە داوە. لەبەرامبەردا پارەیان لە ئێران وەرگرتووە.
رۆژی هەینی، 31ی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیسرائیل رایگەیاند، دوو هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بە ناوەکانی یوری ئیلیاسفۆڤ و جۆرج ئەندریێڤ کە تەمەنیان 21 ساڵە و دانیشتووی دەورووبەری شاری حەیفا، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران و پێدانی زانیاری بەو وڵاتە لە کاتی جەنگدا دەستگیر کراون.
هەفتەی رابردوو، پۆلیسی ئیسرائیلئەو دوو کەسەی دەستگیرکرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکە، ئەو دوو هاووڵاتییە پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندێکی هەواڵگری ئێران بە ناوی "Boaz" هەبووە. هەروەها، هەردوو هاووڵاتییە ئیسرائیلیەکە هاوڕێی نزیکی یەکدی بوون.
داواکاری گشتیی ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئیلیاسفۆڤ سەربازی یەکەی گومبەزی ئاسنینی بەرگریی ئاسمانی بووە و ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی سەبارەت بە تەکنەلۆژیای بەرگریی مووشەکی بۆ ئێران ناردووە. لە بەرامبەر ئەو کارانەیدا بەڵێنی پێدانی 10 هەزار دۆلاری پێدراوە و پێشەکیش 800 دۆلاریشی پێشەکی وەرگرتووە.
ئەندریێڤیش لە هێزی ئاسمانی بووە و ئەویش هەمان تۆمەتی ئیلیاسفۆڤی ئاراستەکراوە. هەردووکیشیان لەسەر شەقام و باڵەخانەکانی تەلئەڤیڤ دروشمی "نەوەکانی روحوڵـڵا"یان نووسیووە. روحوڵڵا خومەینی، یەکەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ