حەماس: سبەی سێ بارمتەی دیکە ئازاد دەکەین

31-01-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، سبەی سێ بارمتەی دیکە وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست ئازاد دەکرێن. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، خێزانی بارمتەکانیان ئاگادار کردوونەتەوە. 
 
رۆژی هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، سبەی وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست سێ بارمتەی دیکە ئازاد دەکەن. ناوی ئەوانەی ئازاد دەکرێن گەیشتوونەتە نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، یەکێک لە بارمتەکان ئۆفە کالدیرۆن تەمەنی 65 ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی کارۆلینای باکوورە لە ئەمریکا. 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کالدیرۆن و هاوژینەکەی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، بەڵام تشرینی دووەمی هەمان ساڵ لە ئاگربەستێکی کاتیدا هاوژینەکەی ئازادکرا. 
 
کیس سیگلی تەمەن 54 ساڵ یەکێکی دیکەیە لە بارمتەکان و تشرینی یەکەمی 2023 ، لەگەڵ دوو منداڵی دیکەیدا بە بارمتە کەوتنە دەست حەماس، بەڵام دوو منداڵەکەی لەم ئاگربەستەدا ئازادکران. 
 
دوایین بارمتەیان یاردن بیباسە کە لە هەمان رۆژی ئەوانەی دیکەدا لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ منداڵی دیکەیدا کەوتنە دەست حەماس. حەماس کوژرانی هاوژین و منداڵەکانی بیباسی راگەیاندووە، بەڵام ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی دامەزراوەی ئیسرائیلی تایبەت بە بارمتە و کەسە بێسەروشوێنبووەکان، سیگل و بیباس هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکین و کاڵدیرۆنیش فەرەنسییە. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "کەسوکاری بارمتەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئاگادارکراونەتەوە". دەشڵێت، "بەگوێرەی ئاگربەستەکە، ئەوانە ئەو سێ بارمتە پیاوەن، کە بە زیندوویی رزگار دەکرێن". 
 
رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر ئاگربەستیان کرد. ئەمە دوای 15 مانگ لە جەنگ. ئاگربەستەکە لە 19ـی مانگەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. تاوەکو ئێستا حەماس 15 بارمتەی ئازادکردووە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل دەبێت بۆ هەر بارمتەیەک 30 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات. 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی گرووپە فەلەستینییەکە دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا، 240 بارمتەی ئیسرائیلی کەوتنە دەست حەماس. تائێستا 130یان ئازادکراون یان رزگارکراون و 82ـیان لەلای گرووپەکە ماون. ئەوانەی دیکەش چارەنووسیان نادیارە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە