رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 4ی شوبات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، باسی ئاگربەستی غەززە و چاودێریکردنی ئێران دەکەن. هۆشداریش دەدات، لەگەڵ حەماس دەست بە جەنگ دەکەنەوە.
عومەر دۆستری، گوتەبێژی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی ئامانجی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد.
دۆستری رایگەیاند، ترەمپ لە راگەیێندراوەکانیدا بەردەوام پاڵپشتی بەهێزی خۆی بۆ ئیسرائیل پیشان دەدات. ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەکەی پاڵپشتی بەهێزی ئیسرائیل دەکەن.
دۆستری گوتی: "دڵخۆش دەبین بە هاوئاهەنگی لەگەڵیان (ئیدارەی ترەمپ) و دەتوانین شتی مەزن لەگەڵیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەستبهێنین".
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، نەتەنیاهوو لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن دیسی چەند پرسێک لەگەڵ ترەمپ گەنگەشە دەکات کە دیارترینیان ئاگربەستی غەززە، ئێران، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە و پلانی ترەمپ بۆ گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ ئوردن و میسر دەبن.
'چاومان لەسەر ئێران دەبێت'
پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی رابردوودا، ترەمپ لەبارەی ئێران گوتی: "پێویستە ئیسرائیل بۆردوومانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکات"، بەڵام هەفتەی رابردوو پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەبارەی ئێران پیشاندا.
دۆستری دەڵێت، نەتەنیاهوو و ترەمپ چاویان لەسەر ئێران دەبێت و "سەرۆکوەزیران پێیوایە ئەو سیاسەت تووندەی ترەمپ لە ئیدارەی داهاتوودا پەیڕەویکرد (سەبارەت بە ئێران) پێویستە دووبارە ببێتەوە."
دۆستری دەڵێت: "جەنگ یەکێکە لەو رێگایانەی ئامانجەکانمانی پێ بەدەستدەهێنین. ئەگەر ئێران بەبێ هێرشی ئیسرائیل دەستبەرداری ویستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوە زۆر باشە، بەڵام پێشبینی ناکەین ئەمە رووبدات. تەنانەت ئەگەر ئێران ئەو قسەیەش بکات، پێویستە وریابین".
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، گوتەبێژەکەی نەتەنیاهوو گوتی: "ئەگەر رێککەوتن هەبێت، (ئیسرائیل) هەوڵدەدات رێککەوتن بکات. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەوە سنووردارە کە تاوەکو چەند دەتوانین پشت بە دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان ببەستین. دەرفەتێکیان دەدەینێ، بەڵام کات خێرا دەڕوات. ئەگەر پێویست بوو، وەڵاممان دەبێت، لەگەڵ یان بەبێ ویستی ئەمریکا".
پێش سوێندخواردنی ترەمپ، دوو بەرپرسی رۆژئاوا ئێرانیان بە پلاندانان بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم تۆمەتبارکرد. دۆستەریش دەڵێت: "بەردەوام چاومان لەسەر ئەم پرسەیە. ئەگەر پێویست بکات، دەزانین چۆن وەڵام بدەینەوە".
'حەماس لە غەززە بمێنێتەوە، دەست بە جەنگ دەکەینەوە'
بڕیارە رۆژی دووشەممە، گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری میسر، ئەمریکا و قەتەر بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەڕێوەبچن. بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، گفتوگۆکان قورس و سەخت دەبن بەهۆی داواکاری حەماس کە دەڵێت، پێویستە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە بکشێتەوە و ئەویش هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات.
لەو بارەیەوە دۆستری دەڵێت، "رازیدەبین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئەگەر حەماس بڵێت، 'کێشە نییە، ئامادەین بۆ چەکدانان' ئێمەش لە غەززە دەکشێینەوە". جەخت لەوەش دەکاتەوە، "ئامانجمان ئەوەیە حەماس لە غەززە نەمێنێت. ئەگەر ئەمە رووبدات بەبێ تەقاندنی فیشەکێک، کارێکی باشە. ئەگەر نا، دەست بە جەنگ دەکەینەوە". ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە پێیوانییە حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و بەشێکیان بۆ پلانەکانی داهاتووی بەکاردەهێنێت.
رۆژی 15ی ئەم مانگە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستیان کرد و رۆژی 19ی مانگیش چووە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ