سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا لە پێشڕەویدایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای سووریا دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە پارێزگای قونەیتەرەی باشووری سووریا لە پێشڕەویدایە و کارمەندە حکومییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەردەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 30-12-2024 میدیای سووریا رایگەیاند، تانک و زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرائیل چوونەتە نێو شاری بەعس لە دەوروبەری پارێزگای قونەیتەرە و "بە بیانووی پشکنین، کارمەندە حکومییەکان لە دامەزراوەکاندا دەردەکەن."
 
لەوکاتەی رژێمی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024 لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە رووخێنرا، سوپای ئیسرائیل چەندین جار لە باشوور و باشووری رۆژئاوای سووریا لەشکركێشی کردووە. ئیسرائیل دەڵێت: "ئەو ئۆپەراسیۆنانە وەک ستراتیژییەتێکە بۆ ئەوەی چەک نەکەوێتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی سنووریی دابینبکرێت."
 
یەکێک لەو ئۆپەراسیۆنە گەورانەی ئیسرائیل ناوی (تیری بەشان) بوو کە رێک لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە دەستیپێکرد. هێزەکانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریایان لە تەواوی ناوچەکە بە ئامانج گرت و نزیکەی: "350 هێرشی ئاسمانی کرا و 70٪ بۆ 80٪ـی توانا سەربازییەکانی رژێمی پێشوو لەنێوبرا؛ لەوانەش درۆنی درێژمەودا، مووشەکی سکوود، مووشەکی کرووز و چەکی کیمیایی."
 
لە هەنگاوێکی دیکەدا، ئیسرائیل دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەی نێوان سووریا و بەرزاییەکانی گۆلان دا گرت کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراو دەستنیشان کراوە. لە دوای نزیکەی 50 ساڵ ئیسرائیل دووبارە دەستی بەسەر بەشێکی خاکی سووریا دا گرتەوە. ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە سوپای سووریا لەگەڵ رووخانی رژێم لەو ناوچەیە کشانەوە.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها چەندین هێرشی دیکەی دەریایی و ئاسمانی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا و کۆگەکانی چەک لە هەریەک لە: دیمەشق، حمس، تەرتووس، لازقییە و تەدمور.