وردەکاریی کوژرانی گەنجێکی دهۆک لە لوبنان؛ ئینتەرپۆل بەدوای بکوژانیدا دەگەڕێت

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگە ئەمنییەکانی لوبنان هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکیان بڵاوکردەوە لە گوندی بەقەعتوتەی ناوچەی کەسرەوانی لوبنان، دوای بەدواداچوونی رووداو دەرکەوت ئەو گەنجە خەڵكی دهۆکە و ناوی ئازاد ئەحمەد حەسەنە، حەوت کەس بە کوشتننی تۆمەتبارن، دووانیان لە هەرێمی کوردستانن.
 
بەپێی زانیارییەکان، چەند تۆمەتبارێکیش هەڵاتوون بۆ ئیستەنبووڵ لە تورکیا، پۆلیسی ئینتەرپۆل بەدوایاندا دەگەڕێت. برایەکی ئازاد دەڵێت: "بۆ کار چووە دوبەی و لەوێش بۆ لوبنان، دوای سەری ساڵ تەرمەکەی دەگەڕێنینەوە."
 
ئازاد سەرەتای ئەم مانگە بۆ کار دەچێتە دوبەی؛ چوونی بۆ دوبەی بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی بریکارنامەی براندێک بووە لەو شارەی ئیمارات، پەیوەندیی بە ئەرشەدی برایەوە دەکات و دەڵێت دەیەوێت لە دوبەیەوە بۆ دوو رۆژ بچێتە لوبنانیش و سەردانی هاوڕێیەکی بکات، برای ئازاد داوای لێدەکات نەچێتە لوبنان و پێیدەڵێت: "کارەکانت لە دوبەی تەواو بکە، مەچۆ بۆ بەیرووت،" بەڵام براکەی سوور دەبێت لەسەر چوون بۆ بەیرووت و رۆژی 4-12-2023 لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی (ج.) دەچنە بەیرووت".
 

وەک براکەی باسی دەکات، بڕیاربوو کاژێر 16:00ـی هەمان رۆژ بگەنە بەیرووت، بەڵام کات تێدەپەڕێت و هیچ هەواڵێکی ئازاد نییە. ئەرشەد ئەحمەد حەسەن برای ئازاد لە لوبنانەوە بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێ بووم براکەم مۆبایلەکەی بکاتەوە، قسە بکەین لەسەر گەیشتنی بۆ لوبنان، بەڵام هەر ئەو چاوەڕوانییە بوو و هیچم لێی نەبیست، 24 کاژێر تێپەڕی و هیچ هەواڵێکی نەبوو، پەیوەندیم بە هاوڕێکەی کرد کە لەگەڵی چوو بوو بۆ دوبەی و ئیمارات، بەڵام گوتی ئاگاداری نیم و گەڕاومەتەوە، لە فڕۆکەخانەی بەیرووت ونم کردووە".
 
براکەی ئازاد بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و گەڕان بۆ چارەنووسی براکەی، بەڵام هیچ شتێکی دەستناکەوێت، رۆژی 8-12-2023 دەچێتە بەیرووت بۆ چارەنووسی براکەی، بۆی دەردەکەوێت کە دوای دەرچوونی لە فڕۆکەخانە، لەگەڵ چەند کەسێک بینراوە، هەرچەندە هەوڵدەدات بگاتە چارەنووسی براکەی، بەڵام هیچی دەستنەکەوتووە، پاشان پارێزەرێکی بۆ دەگرێت و بەدواداچوون بۆ هۆکاری دیار نەمانی دەکرێت.
 
ئەرشەد ئەحمەد گوتی: "بۆ چارەنووسی براکەم و بە بڕیاری دادگە دەستکرا بە گەڕان بەدوای ئازاد، پاش نزیکەی 10 رۆژ لە ونبوونی، دەزگە هەواڵگری و ئەمنییەکانی لوبنان پێیانگوتین براکەتان کوژراوە."
 
21ـی مانگ هەواڵی کوژرانی ئازاد لە لوبنان راگەیێنرا، بەڵام بێ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، بەپێی گوتەی براکەی دەزگە ئەمنییەکان راسپێردران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئازاد، پاش هەفتەیەک گەڕان دواجار تەرمەکەی لە گوندی بقەعتوتەی قەزای کەسرەوان لە پارێزگای جەبەل دۆزرایەوە.
 
رۆژی هەینی، 29-12-2023 سوپای لوبنان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی فەرمان و گەڕان لە سوپاکە رایگەیاند: "پاش زنجیرەیەک گەڕانی بەشی هەواڵگری و پرۆسەی دیاریکردن و شیکردنەوەی تەکنیکی توانیمان تەرمی هاووڵاتییەکی عێراقی بە ناوی (ئا. ک.) بدۆزینەوە لە دەوروبەری گوندی بەقەعتوتە، پاش ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە کە خاوەنی وڵاتینامەی جیاوازن ژێرخاک کرابوو، (ئا.) لە رۆژی 4ـی 12 لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری گەیشتووەتە لوبنان، پاشان لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە و تەرمەکەی شاردراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری بەردەوامدەبێت لە لێکۆڵینەوە و رێکاری پێویست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگە."
 
میدیای لوبنان لە رێگەی زانیاری لە ئینتەرپۆلەوە رایگەیاندووە: "حەوت کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی ئازاد، چوار عێراقی، دوو تورکیایی، لوبنانییەک، ئینتەرپۆل لە تورکیا و عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی کوشتنی ئازاد دەرکردووە."
 
برای ئازاد: دوای کوشتنی، سووتاندوویانە
 
ئەرشەدی برای ئازاد گوتی: "رۆژی 29ـی 12 چووم بۆ بینینی تەرمی براکەم، پاش پشکنین دەرکەوت ئازادی برامە، دوای کوشتنیشی تەرمەکەیان سووتاندبوو".
 
سەبارەت بە گومانیان لەو کەسانەی کوشتوویانە، ئەرشەد گوتی: "براکەم چەند ساڵێك بوو لە ئەوروپا گەڕابووەوە، نیشتەجێی سوێد بوو، لێرە خەریکی کاری خۆی بوو و کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا لەگەڵ کەسێك لە سلێمانی خەریکی کار بوو، ئەو کەسە ناوی (ج.)ـە لەگەڵی چوو بۆ دوبەی و لوبنان، پاشان بەتەنیا گەڕایەوە، پرسیاریشی لێدەکەین لەسەر هۆکاری گەڕانەوەی، هەرجارەی شتێکمان پێدەڵێت.''
 

لە بارەی ئەو تۆمەتبارانەی سوپای لوبنان باسیان دەکات، ئەرشەد گوتی: "دەزگە ئەمنییەکان پێیانگوتم چەند تۆمەتبارێک هەڵاتوون بۆ ئیستەنبووڵ، یەکێکیشیان لە عێراقە، ئێمە چاوەڕێین ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن، دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەشی سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکەین، کە لەگەڵی چوو بۆ دوبەی و بەیرووت".
 
تەرمی ئازاد بڕیارە دوای پشووەکانی سەری ساڵ بگەڕێندرێتەوە دهۆک، کەسوکارەکەی داوا دەکەن تۆمەتباران دەستگیر بکرێن، وەکو خۆیان دەڵێن: "بەڵگەی دیکەشمان لەلایە لەسەر تێوەگلانی ئەوانەی لەگەڵی چوون بۆ دوبەی  و لوبنان، بەڵام چاوەڕێی رێکاری لێکۆڵینەوەین".
 
دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پۆلیسی دهۆک و سلێمانی هیچ شتێکیان لەسەر کوژرانی ئازاد و لێكۆڵینەوەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام روون بووەتەوە پۆلیسی نێودەوڵەتی خەریکی بەدواداچوونە لەو کەیسە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.