وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سووریا و تورکیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ قسەکردن لەسەر بارودۆخی سووریا، سبەی سەردانی وڵاتەکە دەکات و رۆژی دواتریش بۆ هەمان مەبەست دەچێتە تورکیا. 
 
رۆژی شەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2024) ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیارە سبەی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ئێستای سووریا، سەردانی دیمەشق بکات. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژێک دوای ئەو سەردانە وەزیری دەرەوە سەدانی ئەنقەرەش دەکات. 
 
سەردانی ئەو وەزیرە ئێرانییە بۆ ئەو دوو وڵاتە لەکاتێکدایە؛ لە رۆژی چوارشەممەوە بارودۆخی نێوخۆی سووریا ئاڵۆزتر بووە، ئەمە دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر شاری حەلەب و دەوروبەری کرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر راگەیێندراوێکی بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا هاتبوو، "ژمارەیەک تیرۆریستی چەکدار" هێرشیانکردە سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەیان لە حەلەب. "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەموو کارمەند و ستافی کۆنسووڵخانەکەیان سەلامەتن. 
 
هەر ئەمڕۆ میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەبارەی دۆخی سووریا کرد. 
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەروەری و یەکگرتوویی سووریا دەربڕی. جەختیان لەوەش کردەوە، پاڵپشتی حکومەت و سوپای سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن. 
 
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا ئاماژەیان بەوەش کرد، پێویستە پرسی سووریا لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی ئەستانە چارەسەربکرێت. هەروەها جەختیان لە پێویستی هاوئاهەنگی نێوان رووسیا، ئێران و تورکیا لە پرۆسەی چارەسەری کردەوە. 
 
تاوەکو ئێستا 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017ـە و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ لە ئەستانە بوون. ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونەنێوی. رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر تێیاندا بەشدارە. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە سووریە دژبەرەکانی بوون.