شاندی حەماس بۆ دانوستاندن دەچێتە قاهیرە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حەماس بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئاگربەست دەچێتە قاهیرەی پایتەختی میسر.
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "شاندێکی حەماس ئەمڕۆ شەممە دەگاتە قاهیرە و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی میسر سەبارەت بە ئاگربەست و گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکان دەکات."
چوونی شاندەکەی حەماس بۆ قاهیرە، چەند رۆژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی لوبنان دێت کە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ئەنجام درا. میدیای ئەمریکا دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە لەگەڵ حەماسیش ئاگربەست بکات.
ئەمریکا لەگەڵ هەریەکە لە قەتەر، تورکیا و میسر لەسەرهێڵە بۆ ئەوەی بتوانێت ئاگربەستی غەززە بە ئەنجام بگەیێنێت.
رۆژی چوارشەممە کە ئاگربەستی لوبنان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس رایگەیاند، نێوەندگیرەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەی رێککەوتنی ئاگربەستن.
بەرپرسێکی میسری دوێنێ بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، شاندێکی میسری رۆژی پێنجشەممە سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی ئاگربەستی غەززەیان کردووە.
دوایین هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، پێشنیازەکەی میسر بوو کە لە 27ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێشنیاز کرا.
لە پێشنیازەکەیدا سیسی داوای دوو رۆژ ئاگربەستی کرد، هەروەها داوای کرد حەماس چوار بارمتەی ئیسرائیل ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن حەماسەوە رەتکرایەوە.
حەماس داوا دەکات ئیسرائیل بەتەواوی لە غەززە بکشێتەوە و ژمارەیەکی زۆر بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.