مەسرور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا دەچێتە ئیمارات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت.
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەو لووتکەیە دەکات کە بڕیارە رۆژانی 1 و 2 مانگی 12 لووتکەکە بەڕێوەبچێت.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە، بەڕێوەچوونی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئامانج لە لووتکەکە پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.
لە دوبەیی ئیمارات لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە (کۆپ 28) ناسراوە.
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
لە لووتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لووتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێشووتر مەسرور بارزانی لە چەندین بۆنەدا هۆشداری داوە لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، داوای پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.
لە کۆپ28ـی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تا 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.