ئیمارات ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوبەیی ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە کۆپ 28 ناسراوە. 
 
جۆن گامبرێل، شرۆڤەکاری سیاسی لەو بارەیەوە دەڵێت، "دوبەی پێشوازی لە گفتوگۆی داهاتووی کۆپ 28ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. کۆنفرانسێکی گرنگە، چونکە تا دێت کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەردەکەون، کۆپ 28 لە دوای رێککەوتنی 2015ی پاریس یەکەم کۆنفرانسی جیهانییە کە چاوەڕێی کاری گەورەی لێ دەکرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر بانگهێشتی فه‌رميى شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات گەیشتە دوبەی. 
 
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
 
لە شەقامی سەرەکیی شاری دوبەی، تابلۆیەکی گەورە لەسەری نووسراوە "هەسارەی زەوی گەورەترین وەبەرهێنانمانە"؛ ئاماژەیەکە لەسەر ئەو کارانەی کە ئیمارات لە چوارچێوەی سفرکردنی دەردانی کاربۆن ئەنجامیداون؛ وەک گواستنەوە لە سووتاندنی بەنزین بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک؛ وەک ئەم هەوڵەی هێڵی ئاسمانی ئیمارات بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنییەک کە لە پێکهاتەی ئۆرگانیک و سروشتیی درووستکراوە.
 
عادل رەزا، بەرپرسی فڕۆکەوانیی هێڵی ئاسمانی ئیمارات دەڵێت، "تاقیکردنەوەکەی ئەمڕۆمان بۆ ئەوەیە بتوانین لە بری بەنزین بە سووتەمەنییەکی سرووشتی بزوێنەری ئەم فڕۆکە ئەی 380-یە بەکاربخەین. هەنگاوێكی گەورەیە کە ئیمارات ناویەتی و هیوای زۆرمانی لەسەری هەڵچنیوە."
 
ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا گەورە و قورسن و پێویستیان بە بڕیار و کرداری بە پەلەیە. ئەمە تێگەیشتنی خودی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کاتێك هەفتەی رابردوو سەردانێكی مەیدانیی بۆ جەمسەری باشوور کرد و توانەوەی لە رادەبەدەری بەستەڵەکانی بینی.
 
لە کۆپ28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تا 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.