رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە كۆنفرانسى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ گۆڕانى كهشوههوا (COP28)دا دەکات. لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەشدا، پێشوازییەکی گەرم لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پێشوازیی گەرمی سەرۆکی ئیمارات لە نێچیرڤان بارزانی دەرخەری زیندوویی هەرێمی کوردستانە.
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەیی ئیمارات بە بەشداریی سەرکردە و بڕیار بەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت. مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات بە تەوقە و باوەشێکی گەرم پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە دوبەی. pic.twitter.com/RaiE44gQBI
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 30, 2023
سەرۆکی ئیمارات بە فەرمی نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشتکردووە
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهسهر بانگهێشتى فهرميى شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات و بۆ بەشداریکردن لە كۆنفرانسى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ گۆڕانى كهشوههوا (COP28)، گەیشتە شاری دوبهى. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکیش بانگهێشتکراون.
ئەمڕۆ رۆژی کردنەوەی کۆنفرانسەکە بوو؛ سبەی ههينى، به ئامادهبوون و بهشداريى ژمارهيهكى بهرچاوى سهركردهكانى جيهان، له شارى ئێكسپۆ دوبهى كۆنفرانسەکە بە چەند کۆڕ و دیدارێک بەڕێوەدەچێت.
ئيمارات سهرۆكايهتيى ئهم گهڕهى كۆنفرانسهكه دهكات و پرسهكانى تايبهت به گۆڕانى كهشوههوا و چۆنيیهتی رووبهڕووبوونهوهى لێكهوتهكانى و رۆڵى وڵاتان له كهمكردنهوى مهترسييهكانيدا، تاوتوێ دهكات.
گفتوگۆ لەبارەی ههڕهشه و مهترسييهكانى گۆڕانى كهشوههوا دەکرێت
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "رێوڕهسمهكه لهگهڵ كردنهوهى (COP28)دا دێت كه ئهمڕۆ (پێنجشەممە) به بهشدرايى سهرۆك و سهركردهى وڵاتان و ميوانانى باڵا و شارهزايان دهستپێدهكات و تا دوانزهى ئهم مانگه بهردهوام دهبێت".
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "وڵاتان، نهتهوه يهكگرتووهكان، ئاژانس و رێكخراوهكانى ئهم بواره و كهرتى تايبهت، لێكۆڵينهوه و گفتوگۆ لەبارەی ههڕهشه و مهترسييهكانى گۆڕانى كهشوههوا و پلان و رێكارهكانى رووبهڕووبوونهوهيان لهسهر ئاستى جيهان، دهكهن".
پێشوازیی گەرمی سەرۆکی ئیمارات لە نێچیرڤان بارزانی "دەرخەری زیندوویی هەرێمی کوردستانە"
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە ئیمارات کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد و وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی: "ئەمە کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا رێکخراوە، سەرۆکی وڵاتی ئیمارات بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردووە."
دڵشاد شەهاب باسی لەوە کرد، بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا "دوو واتای گرنگی هەیە؛ مامەڵەیەکی فەرمی لەو جۆرە لە ئاستێکی ئاوا بەرز، کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکراون، بۆ بەشداریکردن لە دیدارێکی وا کە بەشدارییەکان لەسەر ئاستی باڵای جیهانن و سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدارن، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان کە گرنگییەکی زۆری بۆ ئەم بابەتە هەیە و لەو مەراسیمە تایبەتەش بوو کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربوو، ئەویش (شا چارڵزی سیێەمی بەریتانیا) بوو کە خۆی وەکو لایەنێکی گرنگیدەر بەو بابەتە و هەم وەکو کەسایەتی خۆی بەشداربووە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لە لووتکەکەدا لە دوو رووەوە گرنگیی خۆی هەیە: "یەکەمیان، ئامادەیی سیاسیی گەورەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو ئاستە و بەشداری لە دیداری ئەمڕۆ و دیدارەکانی دیکەش. دووەمیشیان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەڕەشەی زۆری لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەرە و بەداخەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی پێنجەمە لە کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و ژینگە لەسەری، کەمبوونی ئاو، کەشوهەوا، کۆچ، پیشەسازی و هەموو ئەمانە بۆ هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخن."
کەسایەتیی زانستی و شاندی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە دیدارەکانی کۆنفرانسەکەدا بەشدارن. لەم دیدارانە کۆمەڵێک بڕیار دەردەچن و هەندێک لەو وڵاتانەی کە توانایەکی دارایی بەهێزیان هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییانە پارە دەبەخشن. لەو بارەیەوە، دڵشاد شەهاب دەڵێت، "بۆیە بە هەموو ئەم پێوەرانە پێویستە هەرێمی کوردستان بەم ئاستە بەرزە ئامادەیی هەبێت. ئەم پێشوازییە گەرمەی سەرۆکی ئیمارات لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرخەری زیندوویی هەرێمی کوردستانن. هەروەها پێویستی هەنگاونانی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەی کە لەم گۆڕانانەی کەشوهەوا کەمترین کاریگەریی لەسەری هەبێت".
دڵشاد شەهاب: سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین دیداری نافەرمیشی دەبێت
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکەی کرد و گوتی، "رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا، چەندین دیداری نافەرمی دەبن، هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی بەوجۆرە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزیدا، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستی وڵاتانی جیهانیدا، پەیامێکی گەورە و گرنگە و دڵنیام لە رۆژانی داهاتوودا دیداری زۆر لەلایەن هەردوو بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن، ئەمانەش دەرخەری زیندوویی هەرێمی کوردستانن لە ناوچەکەدا".
لە دوبەیی ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە کۆپ 28 ناسراوە.
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا گەورە و قورسن و پێویستیان بە بڕیار و کرداری بە پەلەیە. ئەمە تێگەیشتنی خودی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کاتێك هەفتەی رابردوو سەردانێكی مەیدانیی بۆ جەمسەری باشوور کرد و توانەوەی لە رادەبەدەری بەستەڵەکانی بینی.
لە کۆپ28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی دەردانی گازە گەرمکەرەکان تا 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ