گۆڕانکاری کەشوهەوا هەڕەشە لە سەرچاوەکانی ئاوی ئوردن دەکات

رووداو-هەولێر

لە ئوردن، گۆڕانکاری کەشوهەوا هەڕەشە لە سەرچاوەکانی ئاو دەکات و، زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندووە، دۆڵی ئوردن و کەناڵی شا عەبدوڵڵا، جاران بە هاژەی بەهێزی ئاو ناسراو بوون، بەڵام ئێستا خاکێکی وشک و قڵیشاو و یادگاری کێڵگەیەکی چۆڵکراو ماوەتەوە.


دورەید موحاسنە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی بەردەوامی وزە و ژینگە و ئاو دەڵێت: "لەڕاستیدا ئێمە لە ئوردن لەوانەیە پێمان وابێت کە ئێمە لە کێشەی گۆڕانکاری کەشوهەواوە دوور بین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە تێیدا دەژین، ئێمە ساڵانە بەرزبوونی پلەی گەرما و کەمی باران بارین دەبینین. هەندێ کەس پێیوایە وشکبوونی ناوچەکە لە پڕ روویداوە، ئەوەش راست نییە. ژمارەی دانیشتوانی ئوردن 10 ملیۆن کەسە بەڵام ئەو ئاوەی کە هەمانە تەنیا بەشی 2 ملیۆن دەکات. خواست لەسەر ئاو ساڵانە زیاتر دەبێت، لەکاتێكدا رێژەی ئاو ساڵانە کەم دەبێتەوە، بەداخەوە کە وێڕای ئەو مەترسییانە، کەچی زۆربەی سەرچاوەکانی ئاوی نێو وڵات زیاتر بۆ کشتوکاڵی و کەمتر بۆ دانیشتووانی وڵات بەکاردەهێندرێن. ئەمە جگە لە زیادبوونی ژمارەی گەردەلوولەکان و کێشەکانی دیکە ئێمە لە دابینکردنی ئاو، بەتایبەتی ئاوی پاکی خواردنەوەدا رووبەڕووی کێشە دەبینەوە".

شارەزایانی بواری ژینگە و کەشوهەوا دەڵێن، ئوردن لەبواری ئاودا بەرەو قەیرانی راستەقینە دەڕوات و پێویستە لەبری بەکار‌هێنانی نەوت و غاز بۆ دابینکردنی وزە، پەنا بۆ وزەی خۆر و وزەی با ببرێت، کە بە وزەی نوێبووەوە دەناسرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی بەردەوامی وزە و ژینگە و ئاو دەڵێت: "بەداخەوە پەنابردنمان بۆ وزەی جێگرەوە لە سەدا 7ی کۆی وزەی بەکارهێنراو تێپەڕ ناکات. پێویستە لەسەر وڵاتێك وەک ئوردن پەنا بۆ وزەی جێگرەوە بەریت، چونکە نرخی وزەی جێگرەوە کەمە و هاوکات ئێمە هاوکاری دارایی دەرەکی وەردەگرین بۆ پەرەپێدانی ئەو وزەیە".

رووبەری دۆڵی ئوردن، 725 هەزار دۆنمە، بەڵام تەنیا 350 هەزار دۆنمی بۆ کشتوکاڵی تەرخان کراوە. لە ساڵانی رابردوودا و بەر لەوەی کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەم ناوچەیە ساڵانە 2 ملیۆن تۆن لە سەوزە و میوەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەوە چیدیکە بەو جۆرە نەماوە و بەڕێژەێکی بەرچاو دابەزیوە. ئەم کێڵگەیە پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.

سامح هاشم، خاوەن کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە ئوردن دەڵێت: "ئێمە بەجدی بیرمان لەوە کردەوە کە واز لە کشتوکاڵ بهێنین و خەڵکێکی زۆر وازیان لە کشتوکاڵ هێنا، بەڵام شانسمان هەبوو کە لە ناوەندی نیشتمانییەوە نزیک بووین و ئەم سۆلارەمان پێدرا کە بە وزەی خۆر کار دەکات و ئاو بەرەو کێڵگەکە دەنێرێت و خەرجییەکانی ئێمەش بۆ نزیکەی 100 بۆ 150 دیناری ئوردنی لە هەر وەرزێکدا کەم دەکاتەوە و هەروەها کاریگەری ئەرێنی بەردەوام لەسەر ژینگەشمان بیر نەچێت".

وێڕای هۆشداری زانایانی ژینگە لە مەترسییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەڵام هێشتا حکومەتەکانی وڵاتان و وەبەرهێنەرانی بازرگانی بە کەمتەرخەمییەوە دەڕواننە کێشەکە و زۆربەی زۆری وێستگەکانی دابینکردنی کارەبا و کارگە پیشەسازییەکانیان پشت بەو سووتەمەنییانە دەبەستن کە غازی دی ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکەن.