ئێران: بە ئەركی خۆمان دەزانین پارێزگاری لە كورد بكەین

رووداو- هەولێر

بەرپرسانی ئێران جەختدەكەنەوە کە لە هاوکاریكردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دژی داعش بەردەوام دەبن و هەمیشە هاوكارییەكانیشیان ستراتیژین.

عەلی رەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" هاوکاری ئێران بۆ باشووری کوردستان و عێراق ستراتیژین و  وڵاتەکەی لەو هاوکارییانە بەردەوام دەبێت".

هاوکات ئایەتوڵڵا تەها محەممەد، نوێنەری خامنەیی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت،" ئێران نەبووایە کۆتایی بە دەسەڵاتی هەریەک لە سوریا و عێراق و لوبنان دەهات".

ئەو قسانەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدان، کە سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە نییە کە ئەمریکا دژی داعش سەرۆکایەتی دەکات، کەچی ئێران لە رێگەی قاسم سولەیمانی لە عێراق و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستاندا بەشداری شەڕی دژی داعشی کردووە.

وەزیری ناووخۆی ئێران دەڵێت،" پشت بەخوا گەلی كورد و هاووڵاتانی عێراق لە بەرگریكردن بەردەوام دەبن و شەڕی داعش لە عێراق و كوردستان دووردەكەوێتەوە و ئەم بەڵایە لەنێودەبرێت، دیدی ئێمە بۆ كودستان و عێراق ستراتیژییە و هەمیەشە هاوكارییەكانیشمان سراتیژین".

هەروەها ئایەتوڵڵا تەها محەممەد، نوێنەری خامەنەیی لە ئێران دەڵێت،" لەهەر شوێنێك هەركەسێك بڵێت (لا إله إلا الله محمد رسول الله)، بەبرای خۆمانی دەزانین و بەئەركی خۆمانی دەزانین پارێزگارییان لێبكەین".