عێراق و تورکیا دەستدەکەنەوە بە گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەبارەی ئاو
رووداو دیجیتاڵ
گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەی عێراق و تورکیا لەبارەی ئاو دەستپێدەکات و دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-10-2024) شاندێکی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئاو گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و سبەی گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە دەستپێدەکەن کە دوو رۆژ دەخایەنێت.
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندەکە تەکنیکییە و هەنگاوەکەش بەشێکە لە کاراکردنی رێکارەکانی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، کە لەبارەی دۆسیەی ئاو لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کراوە.
نیسانی ئەم ساڵ تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد؛ شەشیان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و ئاو.
حوسێن عەبدولئەمیر، بریکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. خالید شیمال گوتی، شاندەکە نوێنەری هەموو وەزارەت و کەرتەکانی پەیوەندیدار بە ئاوی لەخۆگرتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، کۆبوونەوەکە بەشێکە لە کۆبوونەوەی خولی کە تێیدا دۆسیەی ئاو گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.