لە ئیسرائیل هێند و نیوی خوێنی پێویست بۆ برینداران بەردەستە
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی مارکۆس بۆ هەڵگرتنی خوێن لە شاری رەملەی نزیک تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل، خوێن بۆ ئەو نەخۆشخانانەی ئیسرائیل دەنێردرێت کە پێویستیانە، خەڵکیش ئەوەندە زۆر خوێن دەبەخشن، لە هێند و نیوی پێویستیی ناوەندەکەیە.
مۆشێ نۆیۆڤیچ، ئەندازیاری پیشەسازی و میکانیکی لە ناوەندەکە دەڵێ "ناوەندی مارکۆس بۆ خزمەتگوزاریی نیشتیمانیی خوێن یەکێکە لە پێشکەوتووترین دامەزراوەکانی جیهان. پلان بۆ توانا و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکەی داندراوە. ئەمە دامەزراوەیەکی ژێرزەوینیی پارێزراوە."
ئەو خوێنەی رۆژانە لەو ناوەندەدا دەبەخشرێت و هەڵدەگیرێت، ئەوەندە و نیوی ئامانجی رۆژانەی ناوەندەکەیە لەکاتی شەڕدا. دەتوانرێت خوێنەکە لە شەش پلەی سلیزیدا بۆ ماوەی 42 رۆژ هەڵبگیرێت و بەکاربهێندرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەمڕۆوە (دووشەممە، 30-10-2023)، 24 رۆژە سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لەشەڕدان. تاوەکو ئێستاش لەبەرەی ئیسرائیلەوە هەزار و 405 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئیلەت شینار، بەڕێوەبەری یەکەی خزمەتگوزاریی نیشتیمانی خوێن دەڵێ "ئەم باڵەخانەیە بە هەموو ئامێرەکانی و هەموو ئەو پارێزبەندییانەیەوە دەتوانێت بە تەواوی ئەوەمان بۆ دابین بکات کە پێویستمانە. ئەمە بۆ وەرگرتنی خوێن، بۆ تاقیکردنەوەی و دابینکردنی خوێنە بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل. هەموو پێویستییەکان بۆ خوێن لەم کاتەدا دابینکراون لەبەرئەوەی ئەو دامەزراوەیەمان هەیە".
ناوەندەکە لەسەر رووبەڕی نزیکەی 300 مەتر دووجا دروستکراوە و پارێزراوە لە مەترسیی هێرشی مووشەکی. دروستکردنی ناوەندەکە نزیکەی 135 ملیۆن دۆلاری تێچووە، جگە لە خوێن لە ناوەندی مارکۆسدا چەند بەشێک بۆ هەڵگرتنی خوێن و شیری دایک هەن.