سێ بارمتەی ئیسرائیلی بۆ نەتەنیاهوو: تۆ بەرپرسی لە شکستی سیاسی و سەربازی

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆی سێ بارمتەی ئیسرائیلیی بڵاوکردەوە کە تێیدا بە زمانی "عیبری" پەیامێکی تووند بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەدەن، نەتەنیاهوو-ش دەڵێت، ئەمە تەنیا "شەڕی دەروونیی حەماسە."
 
بزووتنەوەی مقاومەی ئیسلامی (حەماس) رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، ڤیدیۆیەکی یەک خولەک و 16 چرکەیی بڵاوکردەوە؛ تێیدا 3 ژن لە بارمتە سیڤیلە جووەکانی ژێر دەستی حەماس دەردەکەون؛ یەکێكیان بە زمانی "عیبری" بە تووندی هێرش دەکاتە سەر نەتانیاهوو، بە "بەرپرس لە شکستی ئەمنی، سیاسی و سەربازی ئیسرائیل" تۆمەتبار کرد.
 
لە ڤیدیۆکەدا سێ ژنەکە لەسەر سێ کورسی قاوەیی لە تەنیشت یەکدی دانیشتوون؛ ئەوەی ناوەڕاستیان بە دەنگێکی بەرز و بە عیبری قسە دەکات و دەڵێت: "نەتانیاهوو، ئێمە 23 رۆژە لای حەماس بە دیل گیراوین، دوێنێ (29-10-2023) چاوپێکەوتنێکت لەگەڵ کەسوکاری بارمتە سیڤیلەکان کرد، ئێمە ئاگادارین کە تۆ بڕیار بوو بەرەو ئاگربەست بڕۆیت؛ تۆ رێککەوتیت ئێمە لە بارمتەیی رزگار بکەیت، بەرپرسیت لە شکستی سیاسی، ئەمنی و سەربازی، چونکە تۆ بەرپرسیت لە شکستی رۆژی 7ی مانگ، کە تێیدا هیچ سەربازێک لە ناوچەکەدا نەبوو و هیچ کەسیش نەهات بەلاماندا و بەرگیریشیان لێ نەکردین." 
 
ئەو ژنە دەشڵێت: "ئێمە هاووڵاتی بێتاوان و سادەین، باج بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەدەین، بەڵام ئێستا ئێمە بارمتەین و لە بارودۆخێكی قورسداین؛ تۆ هەموومان دەکوژیت، ئایا ئەوەی کردت، بەس نییە؟ ئەوە تۆیت کە وا لە سوپا دەکەیت بمانکوژێت، ئیدی بەسە، هاووڵاتییانی ئیسرائیلیش کوژران، هەر ئێستا و دەستبەجێ لە بارمتەیی دەرمانبهێنە و سەرجەم دیلەکانیان ئازاد بکە. ئیدی بەسە، ئیدی بەسە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خێزان و کەسوکارمان، هەر ئێستا، هەر ئێستا، هەر ئێستا."
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، نەتانیاهوو راگەێیندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "ئەوەی کە حەماس دەیکات پروپاگەندەیەکی دەروونیی سەختە".
 
نەتانیاهوو بانگی سێ بارمتەکە دەکات و دەڵێت: "لەم پەیامەمدا بە ئیلینیا تریبانۆڤ، دانیەل ئێلونی و رامون کیرشت کە حەماسی تاوانبار رفاندوونی دەڵێم؛ باوەشتان پێدا دەکەم، دڵمان لەگەڵ ئێوە و رفێندراوەکانی دیکەیە، ئەو پەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم رفێندراو و بێسەروشوێنانە بۆ نیشتمان".
 
لە هێرشەکەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، حەماس سەرووی 220 هاووڵاتی ئیسرائیلی بە بارمتەگرت، بە دوو جار 4 بارمتەی ئازادکرد، لە یەکەمیان دایک و کچێكی ئەمریکی بوون، لە دووەمیاندا دوو ژن کە هاووڵاتی ئیسرائیلی بوون. ئیسرائیلیش ئێوارەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، یەکێک لە سەربازە دیلەکانیان رزگارکردووە.
 
حەماس رایگەیاندووە، ئامادەیە سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم ئەو فەلەستینیانەی لە زیندانەکانی ئیسرائیلن، بەڵام ئیسرائیل پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.