جێگری حەسەن نەسروڵڵا: گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، حیزبوڵڵا بەردەوامە لە ئامانجەکان و گۆڕەپانی جیهاد چۆڵ ناکات. دوای بە ئامانجکردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئۆپەراسیۆنی چڕیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە، بە هۆیەوە یەک ملیۆن ئیسرائیلی لە ژێرزەمینەکان خەوتوون. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە گوتارێکی تۆمارکراودا دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، رایگەیاند: "شەهید حەسەن نەسروڵڵا خەڵاتی ئیمام حوسێنی پێبەخشرا کە بەرزترین خەڵاتە و لەسەرووی هەموو ئەو خەڵات و شکۆیانەدا وەک ئاڵایەک دەشەکێتەوە کە لە ژیاندا بەدەستی هێنابوو." 
 
جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان باس لەوە دەکات، حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵ حاجی عەلی کەرەکی و عەباس نیلۆفروشان، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکان، لە کۆبوونەوەدا بوو، "پێچەوانەی پڕۆپاگەندەی میدیای ئیسرائیلی دووژمن کە رایگەیاندبوو نەسروڵڵا لەگەڵ 20 سەرکردە کۆببووە." 
 
جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت: "ئەو (نەسروڵڵا) تەنیا کەسە نزیکەکانی لەگەڵدا بوون، لەوانە ئیبراهیم جزینی، بەرپرسی پاسەوانەکانی و سەمیر حەرب جیهاد کە یاوەری کەسی بوو. لەگەڵ زانای بەنێوبانگ شێخ نەبیل قەئووم، کە رۆژی دواتر گیانی لەدەستدا."
 
نەعیم قاسم، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، کە هێرش دەکاتە سەر ناوچە سڤیلنشینەکان و گوتی: "ئیسرائیلی دووژمن تەواوی گوند و دێهاتە سنوورییەکان ماڵ بە ماڵ بۆردوومان دەکات و خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژ دەکات. بەمەش ناوەستێت، دامەزراوەکانی تەندروستی و ژن و منداڵ و پەککەوتە دەکاتە ئامانج. دوژمن تەنیا لە دژی جەنگاوەران ناجەنگێت، بەڵکو خەڵکی سڤیلیش بە جەنگاوەر دەزانێت و کۆمەڵکوژیان دەکات."  
 
هەروەها ئەمریکاشی بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا بەهەموو توانایەکی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات و هاوبەشی تاوانە دڕندەکانییەتی لە رێگەی پێدانی چەکی بەردەوام و هەموو جۆرە پشتیوانییەکی دیکە لە رووی میدیایی و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشەوە. ئەگەر ئیسرائیل پێی وابێت دەستە واڵاکەی بە پاڵپشتی رۆژئاوا رێگەی خۆش دەکات بۆ ئەوەی درێژە بە کۆمەڵکوژییەکانی بدات، ئەوە زۆر هەڵەیە. هەرچەندە کۆست و ئازارمان هەیە بە شەهیدبوونی خۆشەویستانمان، بەڵام لە هەمان کاتدا کەسانی دیکەمان هەن چاودێری سەرکەوتنی چاوەڕوانکراو دەکەن."
 
نەعیم قاسم، پێیوایە هەموو ئەوەی ئسیرائیل دەرهەقیان دەکات، کاریگەریی لەسەریان نابێت و دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرخودان. دەکوژین و دەکوژرێین. نازانین کەی سەردەکەوین، بەڵام باوەڕمان بە بەڵێنی خوای گەورە هەیە، کە ئارام بگرین تا سەردەکەوین."
 
رۆژی هەینی رابردوو ئیسرائیل بۆردوومانی باڵەخانەیەکی حیزبوڵڵای کرد و دواتر رایگەیاند حەسەن نەسروڵڵا لە بۆردوومانەکەدا کوژراوە، رۆژی دواتر حیزبوڵڵا کوژرانی نەسروڵڵای پشتڕاستکردەوە. 
 
نەعیم قاسم دەڵێت دوای کوژرانی نەسروڵڵا لە خەبات بەردەوام دەبن و دەڵێت: "حیزبوڵڵا بەردەوامە لە ئامانجەکان و گۆڕەپانی جیهاد چۆڵ ناکات. موقاوەمەی ئیسلامی، بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلی دوژمن لەپێناو پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە و دۆزی فەلەستین. هەروەها بۆ بەرگریکردن لە گەل و خاکی لوبنان و لە تۆڵەی کوشتنی سەرکردەکان و خەڵکی سڤیل. 
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا دوای کوژرانی نەسڕوڵڵا رایگەیاند، موقاوەمەی ئیسلامی بەهەمان ریتم درێژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی دا بگرە زیاتریشی کرد. مەعالیم ئەدۆنیم لە دووریی 150 کم لە سنوورەکانی لوبنان بۆردوومانکرا. حەیفا بە مووشەکێک بۆردوومانکرا کە تێیدا دوێنی سوپای ئیسرائیل دانی بەوەنا یەک ملیۆن کەس چوونە نێو ژێرزەمینەکان.
 
نەعیم قاسم، گوتیشی: "ئەوەی کردوومانە، کەمترین ئاستە و بەشێکە لە بەڕێوەبردنی جەنگەکە و بەپشتبەستن بەو پلانانەی دامانڕشتوون بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مەیدانی. درک بەوە دەکەین جەنگەکە درێژخایەن دەبێت و بژارەکانیش کراوەن. رووبەڕووی هێرشی زەوینی ئیسرائیل دەبێنەوە، ئەگەر بکرێتە سەر خاکی لوبنان. ." 
 
باسی لە پلانی ئیسرائیل کرد لە دژی لوبنان و گوتی: "دووژمن بە دوو ئاراستە هەنگاو دەنێت؛ یەکەمیان تێکشکاندنی توانای مرۆیی و سەربازیمان. دووەمیان کردنە ئامانجی گوند و شارەکان بۆ ئەوەی درزێک لەنێوان ئێمە و گەل دروست بکەن. لە بەرامبەر کوژرانی هەر ئەندامێکمان، ئەندامی جێگرەوە شوێنی دەگرێتەوە. هەمان شت بۆ سەرکردەکان راستە و ئیسرائیل هەرگیز ناتوانێت توانا سەربازییەکانمان لاواز بکات یان تێکی بشکێنێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە