وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دەکرێت هێزی زەوینی بەشداری لە شەڕی حیزبوڵڵا دا بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دەکرێت هێزی زەوینیی ئیسرائیل بەشداری لە جەنگی دژ بە حیزبوڵڵای لوبنان دا بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتی قسەکردنی بۆ بەشێک لە سەربازانی ئیسرائیلی کە بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیک بەڕێدەکەوتن ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت هێزی زەوینی لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان بەکاربهێنن. 
 
هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکی بە واشنتن پۆستی گوتووە: ئیسرائیل ئەمریکای لە هێرشێکی زەوینیی سنووردار بۆ سەر لوبنان ئاگادارکردووەتەوە کە دەکرێت لە زووترین کات دا دەستپێبکات
 
هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە هەموو هۆیەک کە پێویست بێت بەکاریدەهێنین.. هێزەکانی ئێوە [هێزە زەوینییەکان]، هێزەکانی دیکە لە ئاسمان، دەریا و وشکانی".
 
گاڵانت باسی لە بەردەوامی هێرشەکانی دژ بە حیزبوڵڵا کرد و گوتی: "کوشتنی نەسروڵڵا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام هەنگاوی کۆتایی نییە".
 
ئیسرائیل ئاراستەی هێرشەکانی لە غەززەوە بەرەو  لوبنان گۆڕیوە. لە 23 ئەم مانگەوە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردوونەتەوە.
 
رۆژی هەینی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بارەگای سەرکی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، لەماوەی هەفتەی رابردوودا 700 کەس کوژراون کە 14 یان کارمەندی تیمی فریاگوزاری بوون. تەنیا لە  24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 150 کەس کوژراون و 359 دیکەش بریندار بوون. 
 
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دوێنێ ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتە سەر شاری سەیدا لە باشووری لوبنان 45 کەس کوژراون و 70 دیکەش بریندار بوون. 
 
دوای ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا پاڵپشتی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە ناوە ناوە هێرشی کردووەتە سەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە. 
 
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 100 هەزار کەس لە سنوورەکانی باشووری لوبنان و زیاتر لە 60 هەزار کەسیش لە باکووری ئیسرائیل دەربەدەر بوون.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە