قەیرانی ئابووری لە لوبنان 500 هەزار منداڵ لە خوێندن دادەبڕێنێت

رووداو دیجیتاڵ

چوار ساڵە قەیرانی سەختی ئابووری بەرۆکی لوبنانی گرتووە، تاوەکو ئێستاش 500 هەزار منداڵ بەهۆی هەژارییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، "لە 15٪ـی خێزانەکانی لوبنان ئیدی منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە."
 
فەرەح کۆبەر، هاووڵاتییەکی لوبنانییە و لە بەیرووتی پایتەختی ئەو وڵاتە دادەنیشێت، لەبارەی دۆخیانەوە گوتی، "من، نامەوێت منداڵەکانم لە خوێندن دوور بن، فێربوون مافی هەموو کەسێکە، بەڵام خەریکە هەژاری لەو مافە بێ بەشمان دەکات، هەموو شتێك گرانە و لە تواناماندا نییە بیکڕین."
 
لەنێو هەموو 10 لوبنانییەک، هەشتیان هەژارن، ئەو دوو کەسەش، تەنیا یەکێکیان لە قوتابخانەی تایبەتدا دەخوێنێت، لەو هەشت کەسەی دیکە، دووانیان وازیان لە قوتابخانە هێناوە.
 
رەنا حەریری، هاووڵاتییەکی دیکەی لوبنانی لەبارەی دۆخە سەختەکەیانەوە دەڵێت، "کاتێك منداڵەکانم لە پەنجەرەوە قوتابییانی قوتابخانە تایبەتەکان دەبینن، دەگرین و منیش خەمبار دەبم."
 
عاتیف رەفیق، بەرپرسی ئاژانسی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند "قەیرانی خوێندن لە لوبناندا هەیە و زیاتر بەرۆکی هەژارانی گرتووە، کە پشت بە قوتابخانە حکومییەکان دەبەستن. لە 15٪ـی خێزانەکانی لوبنان ئیدی منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە."
 
لیرەی لوبنان بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی لەدەستداوە، تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەکە، 100 دۆلار بەرامبەر بە 1.6 ملیۆن لیرەیە، تێکڕای مووچەی مانگانەی باوکێک بەشی کڕینی 10 دەفتەر و دوو جانتا دەکات، دۆخی مامۆستایانیش باش نییە لە بایکۆت و خۆپیشاندان بەردەوامن و داوای زیادکردنی مووچە دەکەن.